
بە پێی ڕاپۆرتەکان، لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنەکان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکان لە شارەکانی کوردستان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی “ئاکۆ عەزیزی” خەڵکی شاری ڕەبەتی سەر بە سەردەشت، لە لایەن هێزێکی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. شایانی باسە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بە بەکارهێنانی توندوتیژی ئاکۆ عەزیزیان دەستبەسەر کردووە و دەستیان گرتووە بە سەر کۆمەڵێک کەلوپەلی کەسی ئەودا و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەروەها شەوی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر، “ئەیوب ڕەشی” خەڵکی ئاوایی “پاراستان”ی سەر بە شاری سەردەشت، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. ئەم دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەر کران بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ ڕاگۆێزراون. هەتا کاتی بڵاو بوونەوی ئەم هەواڵە لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نییە.