
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کاتژمێر ۹ی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ۱۴ی گوڵانی ١٤٠٤، دوو برا بەناوەکانی “حەمزە یادیار” تەمەن ۲۵ ساڵ و “مووسا یادیار” تەمەن ۲۶ ساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری بۆکان، بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یادیار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو دوو برایەیان لە دوکانی شوێنی کاری مووسا یادیار بە لێدان و توندوتیژییەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە. ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکردنی ئەو دوو برایە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دایک و باوکی ئەو دوو هاووڵاتییە و ماڵەکەیان پشکنیوە و ئەندامانی بنەماڵەکەیان ترساندوون. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەمبارەیەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.