
ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندان، هێمن ئیبراهیم حەمزە، تەمەن ٣٨ساڵە و خەڵکی گوندی “قەرەگۆل” سەر بە شاری بۆکان، بە مەستی تێپەڕکردنی حوکمی سێ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی ئەمشارە گواسترایەوە.
ناوبراو پێشتر لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەز، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ڕژیم لە شاری بۆکان، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و ئەو حوکمە هەمان ڕۆژ پێی ڕاگەیەندرابوو. هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی “کارۆ عەلیداد” تەمەن ٢١ ساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی لە پاساژی مەولەوی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.