دوو لاوی خەڵکی شارەکانی قوروە و سنە بە ناوەکانی “سرووش دێهقانی” و “ئازاد زەکەریایی”، مامۆستای قوتابخانەکانی سنە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، سرووش دێهقانی، لاوێکی خەڵکی گوندی “خەریلە”ی سەر بە شاری قوروە و دانیشتووی ئەو شارە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە. هەروەها حەفتەی ڕابردووش هاووڵاتییەک بە ناوی ئازاد زەکەریایی، لاوی خەڵکی گوندی “توداروتە”ی سەر بە شاری سنە و مامۆستای قۆناغی سەرەتایی قوتابخانەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کراوە. دوای دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنیان و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان لەبەردەستدا نییە.