
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی سێشەممە ۶ی جۆزەردانی ١٤٠٤، سدیق محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی محەممەدی، ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند جار لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگ کرابۆوە ئیدارەی ئیتلاعات.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەکی ورد لەسەر باری تەندروستی و دۆخی ڕاگرتنی سدیق محەممەدی لەبەر دەستدا نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماونەتەوە.
هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، ڕۆژی ڕابردوو، ۶ی جۆزەردان، شەهاب دارابی، شۆفێری خەڵکی شاری شاباد بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە. شایانی باسە، دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە بەهۆی پاڵپشتیی ناوبراو لە مانگرتنی گشتی بارهەڵگران ڕووی داوە. جێگای ئاماژەیە، مانگرتنی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە ڕۆژی ۲۹ی گوڵانی ئەمساڵ و لەسەر بانگهێشتی یەکێتیی دامەزراوەی بارهەڵگران و شۆفێرانی سەرجەم شارەکانی ئێران دەستی پێکردووە و تا ئێستا درێژەی هەیە.