ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، “زانیار ئەفسەری”، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی “نێ” سەر بە شاری مەریوان، دوای دەستبەسەرکرانی براکەی، کامران ئەفسەری و مەرجدارکردنی ئازادکردنی ناوبراو بە ڕادەستکردنەوەی زانیار، خۆی ڕادەستی ئەو ناوەندە ئەمنییانە کردووە و دواتر دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی چوارشەممە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بانگ کراونەتە ئیدارەی ئیتلاعات و پێیان ڕاگەیێندراوە کە بەمەبەستی ئازادکردنی “کامران ئەفسەری”، زانیار ڕادەست بکەن.
جێگای ئاماژەیە، کامران ئەفسەری ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانان، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر و ڕۆژێک دواتر، دوای هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکەی و ڕادەستکردنی زانیار ئازاد کراوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیار ئەفسەری لەبەر دەستدا نییە.