فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کرانی زیلان کەمانگەر لە شاری کامیاران
چوارشەممە ۰۷-۰۸-۱۴۰۴   |  29-10-2025

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، زیلان کەمانگەر، ژنە چالاکی خەڵکی کامیاران؛ لەماڵی بنەماڵەیی و  لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای پشکنینی ماڵەکەیان، هێزەکانی ئیتلاعات دەستیان بەسەر مۆبایلی زیلان کەمانگەر و ئەندامانی بنەماڵەکەیدا گرتووە. شایانی باسە، حسێن کەمانگەر باوکی زیلان کەمانگەر پێشتر لە ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١، پاش تێپەڕاندنی سێ ساڵ بەندکران، لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتە پاڵخراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک  لەبەردەستدا نییە.
هەر وەها، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، خزر ڕەسووڵ مروەت، کارناسی ئەدەبیات و چالاکی پێشووی خوێندکاران لە ماڵی خۆی لە شاری مهاباد دەستبەسەر کراوە. خزر ڕەسووڵ مروەت لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩١ بە تۆمەتی بەشداری لە گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لە قوتابییە بریندارەکانی شاری شیناوێی پیرانشار دەستبەسەر و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٢ لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد، بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی حوکمەکەی لە زیندانی مهاباد ئازاد کرابوو.