
سامان کەریمی بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپابوو و دوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەی لەلایەن دادگای باڵاوە ئازاد کرابوو، حەفتەی ڕابردوو لەگەڵ هاوژینەکەی بەناوی “فەرزانە ڕەشیدی” دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، سەرەرای تێپەڕینی یەک حەفتە بەسەر دەستبەسەرکرانی فەرزانە ڕەشیدی تەمەن ٢٦ ساڵ و خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانە و هاوژینەکەی سامان کەریمی تەمەن ٣٣ سال لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە. سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کەریمی لەمبارەوە ڕاگەیاندووە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، سامان کەریمی بەندکراوی سیاسیی پێشوویان لە یەکێک لە شەقامەکانی بانە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە و دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و هاوژینەکەیان بە ناوی فەرزانە ڕەشیدی، کە خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانەیە، دەستبەسەر کردووە. جێگای ئاماژەیە، سامان کەریمی رۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٧، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی شارامفەڕ لە سنە گواسترابوویەوە. ناوبراو ساڵێک دواتر لەڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی ”بەغی لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی” حوکمی ئێعدام و ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو. ئەو حوکمە مانگی خەرمانانی ساڵی دواتر لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە و گەڕێندرایەوە بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە.