ڕۆژی شەممە ١٨ی خەرمانان، “سیرووس عەباسی” چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی و “ئازاد عەباسی” چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری دێهگولانی سەر بە پارێزگای کوردستان، دوای ئەوەیکە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراون و سەردانی ئەو ناوەندەیان کردووە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “فەریدە وەیسی”، هاوژینی سیرووس عەباسی لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی خۆی لەم بارەیەوە نووسیویەتی: ئەم دوو چالاکە فەرهەنگییە بەهۆی ئەوەی کە پێی دەوترێت “پاشگەزنەبوونەوە لە هەڵوێست و کار و چالاکییەکانیان” دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون. دەستبەسەرکردنی ئەم دوو چالاکە دوای ئەوە دێت کە، مۆڵەتی فەرمیی چالاکیی “ڕێکخراوی زانستی کوردستان” لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڵوەشاوەتەوە. ئەو ڕێکخراوەیە ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن فەریدە وەیسی و سیرووس عەباسی، دامەزرا و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە بواری پەروەردە، فەرهەنگی، بارهێنان و ڕاهێنان چالاکییان کردووە. جێگای ئاماژەیە، ئەو دوو برایە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی پارەکە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و پاش ٣٢ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسی، بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گوازرابوونەوە. هەروەها دوای ئەوەیکە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوون، لە لایەن دادگای تاوانەکانی شاری دێهگولان بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی” سزای ١٠ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” سزای ١٨ مانگ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ بە دژی ئاسایشی میللی” سزای ٤٨ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپابوو.