سێ هاووڵاتیی لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ، و مەهاباد بە ناوەکانی “زانا پەروانە، موعین فەقیهی، و ئامانج خەستە” لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکراون.
ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژ، زانا پەروانە، خەڵکی شاری مەریوان دەستبەسەرکرا. هەر لەم ڕاستایەدا، هێزەکانی ڕژیم لە ڕۆژی هەینی ٢٧ی گەلاوێژ، بەبێ هیچ هۆکارێک، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی موعین فەقیهی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ و ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، ئامانج خەستە، خەڵکی شاری گۆگتەپە و دانیشتووی شاری مەهاباد، لە هێرشێکدا بۆسەر ماڵەکەی دەستبەسەرکرا. شایانی باسە، لە هەمان ڕۆژدا، لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی لە شاری مەهاباد دەستبەسەرکرابوون. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی زانا پەروانە، موعین فەقیهی و ئامانج خەستە لەبەردەستدا نییە.