ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان، سێ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی گوندی “دیوەزناو”ی سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی شاری کامیاران بە ناوەکانی “موحسین دادگەر، سەعید دادگەر” و هەروەها “یاسر سابیری” و خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.
بە پێی زانیارییەکان، هێزەکانی سپای پاسداران لە ڕێگەی گەڕانەوەی شاخی کۆساڵان لە شاری سەوڵاوا بەرەو کامیاران ئۆتۆمبێلی ئەو چالاکە ژینگەپارێزانەیان ڕاگرتووە و بە پاساوی “قەدەغەبوونی هاتوچوو” هەرسێکیان دەستبەسەر کردوون. شایانی باسە، موحسێن دادگەر و سەعید دادگەر بۆ زیندانی شەهرامفەر و دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنە گواستراونەتەوە. جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، بنار و بەرزایییەکانی چیای کۆساڵان لە شاری سەوڵاوا لە لایەن تۆپخانە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکانی هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانووی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان کراونەتە ئامانج و دوو شەڕی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هاتووەتە ئاراوە کە لە ئاکامی ئەم شەڕانەدا ژینگەی ئەم ناوچەیە و بەتایبەت لێڕەوار و لەوڕەگە و دارستانەکانی کۆساڵان بەئەنقەست لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕژیمەوە لەنێو بردراوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هێزەکانی سپای پاسداران ڕێگرییان لە ئامادەبوونی خەڵکی ناوچەکە کردووە بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە لە لەوەڕگەکانی کۆساڵان. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕ، چالاکێکی مەدەنی خەڵکی جوانڕۆ و بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگڕامی “گوفتمان” بە ناوی ” جەبار عەزیزی”، دوای بانگکرانی بۆ دادگای ئەمشارە، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکراوە.