بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی هەینی ٢٨ی گوڵان، خالید مەحموودی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی “شانڕەش” سەر بە شاری ڕوانسەر و دانیشتووی جوانڕۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە یەکێک لە شەقامەکانی جوانڕۆ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
جێگای ئاماژەیە، خالید مەحموودی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و لە ڕێکەوتی سێشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان گواسترابوویەوە و دوای زیاتر لە چوار مانگ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی پارەکە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لەو زیندانە ئازاد کرابوو. شایانی باسە، خالید مەحموودی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی بێبەش بووە و بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن تۆمەتبار کرابوو. ئەو هاووڵاتییە هەروەها بە سەختی ئەشکەنجە درابوو و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی کرا کە دواتر ئەو دانپێدانانە لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کرابووەوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.