ڕۆژی شەممە ٢٩ی ڕەزبەر، “محەممەد عەبدوڵڵاهیپوور”، تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاری بواری زمانی ئینگلیزی زانکۆی کوردستان لە سنە، سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خوێندکارە کاتژمێر ٨ی بەیانی لە ماڵی بنەماڵەکەیدا لە گەڕەکی ژاڵەی شاری سنە و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە. محەممەد عەبدوڵڵاهیپوور، دوای دەستبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەرمانانی پارەکە، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە دەستبەسەر کرابوو و دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازادکرابوو.