بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، ئەحمەد حەسنزادە، هاووڵاتی تەمەن ٥٧ ساڵ و باوکی دادخوازی خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بەردەم ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حەسنزادە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە: مۆبایلی ئەحمەد حەسەن زادە دوای ئەوەیکە هەواڵی دەستبەسەرکرانی خۆی ڕاگەیاندووە، کوژاوەتەوە و لەم کاتەوە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ئەحمەد حەسەن زادە ڕۆژی ٩ی گەلاوێژ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کوڕە گیانبەختکردووەکەی لەگەڵ سۆلمازی کچی دەستبەسەر و ڕۆژی دواتریش بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو. تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ و شوێنی مانەوەی ئەم ئەندامی ئەم بنەماڵە دادخوازە لەبەر دەست نییە.