
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۲۲ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، سەفا عائیلی، تەمەن ٣۱ ساڵ و خاڵی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی سەفا عائیلی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییەیان لەکاتێکدا کە لەگەڵ هاوژینەکەی بووە، ڕاگرتووە و دەستبەسەریان کردووە. شایانی باسە، ناوبراو چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەر کرانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی بۆ زیندان گواستراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، سەفا عائێلی دوای گەڕانەوەی لە وڵاتی ئاڵمان لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز، حوکمی ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەو حوکمە لە لایەن لقی ۱۶ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە. ناوبراو هاوینی ساڵی ڕابردوو پەنابەری وڵاتی ئەڵمانیا ببوو و پاش نزیکەی سێ مانک گەڕابووەوە بۆ ئێران.