
دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ۲۰ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، نەریمان ڕەندانی چالاکی سیاسی و مەدەنی تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بۆ جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەریمان ڕەندانی لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر دوکانەکەی دەستبەسەر کراوە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. جێگای ئاماژەیە، نەریمان ڕەندانی ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، پاش ۳۳ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و زیندانی ناوەندیی سەقز، بە دانانی بارمتەی ۶۰۰ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگایکردنەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.