فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کرانی سەرلە نوێی نەسرین شاکەرەمی دایکی نیکا شاکەرەمی
شەممە ۲۴-۰۹-۱۴۰۳   |  14-12-2024

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ئەمڕۆ شەممە ٢٤ سەرماوەز، نەسرین شاکەرەمی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و دایکی نیکا شاکەرەمی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژینا، دوای ئامادەبوونی لە بنکەی ناوەندیی ئیتلاعاتی خوڕەمئاوا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەسرین شاکەرەمی لە ڕۆژانی ڕابردوو چەندین جار بۆ وەرگرتنەوەی ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، لەوانە مۆبایل، سەردانی بنکەی ناوەندیی ئیتلاعاتی خوڕەمئاوای کردووە، بەڵام مەئموورەکان کەلوپەلەکانیان ڕادەست نەکردووەتەوە. ئەمڕۆ دیسان دوای ڕۆیشتنی، ناوبراو و خوشکەکەی بە ناوی شەیدا دەستبەسەر کراون کە شەیدا دوای چەند کاتژمێر ئازاد کراوە. جێگای ئاماژەیە، نەسرین شاکەرەمی، لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزیش، دوای ٤٦ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی پێنج میلیاردی بە شێوەی کاتی ئازاد و هاوکات حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها سەرەڕای سەپاندنی یەکساڵ حوکمی زیندان، بە دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەوە دەرەوە لە وڵات، دوو ساڵ قەدەغەکردنی مانەوە لە پارێزگای لوڕستان و دوو ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان مەحکووم کراوە.