فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کرانی فاتمە دادوەند لە لایەن پۆلیسی تورکییە
شەممە ۱۳-۰۵-۱۴۰۳   |  03-08-2024

بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ، فاتمە داوەند، پەنابەری خەڵکی بۆکان و بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە کاتی هەوڵدانی بۆ گەیاندنی خۆی بە یۆنان لە ئاوەکانی تورکییە، لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فاتمە داوەند، پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی تورکییە، حوکمی دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەگەری ڕاگرتنی بۆ ماوەیەکی درێژ لە زیندان یان ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران لە ئارادایە. فاتمە داوەند بە تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک، پێش ڕۆیشتنی لە تورکییە بەرەو یۆنان وتوویەتی کە پێشتر لە ڕاگەیەندراوەیەکدا بانگ کراوەتە دادگا و بەهۆی بارودۆخی خۆی و ئەگەری ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران، ناچارە بە بەجێهێشتنی ئەو وڵاتە و ئامادە نەبوون لە دادگاکانیدا. فاتمە داوەند ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی بۆکان دەستبەسەر کرا و لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێ ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژ بە خۆی کرا. ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٧ لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ٢ی بۆکان بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی و بەشداریکردن لە ئاژاوەکان و لابردنی حیجاب” حوکمی ٥ مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ زەربەی شەلاقی بەسەردا سەپێندرابوو. فاتمە داوەند لە دۆسیەیەکی دیکە لە ساڵی ١٣٩٨ بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی وڵات” لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد، حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە ئەو حوکمە دوتر بۆ ٤٥ مانگ کەم کرایەوە. ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٨، بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی بەندکرانەکەی بۆ بەندی ژنانی زیندانی ورمێ گواسترایەوە و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٣٩٩ لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.