دەستبەسەر کرانی مامۆستایەکی زانکۆ لە تاران
چوارشەممە ۳۰-۰۳-۱۴۰۳   |  19-06-2024
بەپێی ڕاپۆرتەکان، “حورا نیکبەخت”، مامۆستای زانکۆ و لە چالاکانی مافی ژنان حەفتەی ڕابردوو لە تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان، حورا نیکبەخت، بەڕێوەبەری دەزگای بڵاوکردنەوەی «مەشقی یەکسانی» دوای بانگکران بۆ شوێنە ئینتزامییەکان لە تاران دەستبەسەر کرا. ناوبراو پێشتر بەڵگەی بانگکرانەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئیکس” بڵاو کردبووەوە و لەو بەڵگەدا ئاماژە کرابوو کە ناوبراو بە «سووکایەتیکردن بە خامنەیی» و «پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت» تۆمەتبار کراوە. جێگای ئاماژەیە، ئەو مامۆستا و چالاکە ناسراوەی بواری مافەکانی ژنان، دوای بانگکران و دەستبەسەرکرانی بۆ بەندی ژنانی زیندانی “ئێڤین”ی تاران گواستراوەتەوە.