
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا “ناسر هیمەتی”، پزیشکی دەروونی، نووسەر و شاعیری دانیشتووی ئاودانان بە تۆمەتی”سب النبی”، “سووکایەتیکردن بە خامنەیی”، “بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان”، “چالاکیی تەبلیغی دژ بە حکومەت” و “چالاکیی تەبلیغی بەمەبەستی پشتڕاستکردنەوە و سەقامگیرکردنی ڕژێمی زایۆنیستی” بانگ کراوەتە لقی یەکی لێپرسینەوەی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی شاری ئاودانان و دوای دەستبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندان ئازاد کراوە.
شایانی باسە، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشە و لێپرسینەوەی لێکراوەتەوە و بانگکرانی دووبارەی ناوبراو بەو تۆمەتانەی ناو بردراون لەحاڵێکدایە کە لە ساڵی ١٣٩٩ تا ئێستا هیچ چەشنە چالاکییەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا نەبووە. ناسر هیمەتی ساڵی ١٣٩٧ بەهۆی بڵاوکردنەوەی زنجیرە باسێک لە تویتەر (ئیکس) بەنیشانەی پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەر و بەمەبەستی بانگهێشتی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێنجی بەفرانباری ئەو ساڵە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرابوو. هەروەها ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٩ بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە خامنەیی” لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسفەهانەوە، بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو و لە کاتی تێپەڕکردنی ئەو حوکمە، بەهۆی دۆسیەیەکی نوێ بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپێندرابوو.