فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم
چوارشەممە ۱۹-۰۲-۱۴۰۳   |  08-05-2024

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گوڵان، سەید ئەیووب مووسەوی، بەندکراوی سیاسی پێشوو و خەڵکی گوندی “میراوێ”ی سەر بە شاری شنۆ، دوای بانگکران بۆ فەرمانگەی ئیتلاعاتی سپای شنۆ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
شایانی باسە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران حەفتەی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە شاری شنۆ، هەڵیان کوتاوەتەوە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە، بەڵام نەیانتوانیوە دەستبەسەری بکەن. لەو ڕووەوە کە ئەو ڕۆژە تاپۆی ماڵ، زەوی، ئۆتۆمبێل و باقی بەڵگە ناسنامەییەکانی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەستی بەسەردا گیرابوو، ڕۆژی ڕابردوو ڕۆیشتووەتە ئەو ناوەندە ئەمنییە و دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە. جێگای ئاماژەیە، سەید ئەیووب مووسەوی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کرابوو و ساڵی ١٣٩٨ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شنۆ بە تۆمەتی “ئەندامبوون لەیەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم” حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو حوکمە دوای ملکەچبوون بۆ بڕیاری دادوەر بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران کەم کرابوویەوە.