
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەكشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ناسیح مستەفایی، خەڵكی گوندی “نجێ”ی سەر بە شاری سنە، دوای بانگكران و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕ، بۆ دەستبەسەركردنی ناسێح مستەفایی هێرشیان كردبووە سەر ماڵەكەی. بەهۆی ئەوەی كە ناوبراو لە ماڵ نەببوو، ڕۆژی دواتر لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنی بانگ و دوای چوونی دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە. تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە. هەروەها ڕۆژی شەممە ۷ی پووشپەڕی ١٤٠٤، سەید کەماڵ ئیبراهیمی، تەمەن ۳۱ ساڵ و خەڵکی نەغەدە، پەرەستار و مامۆستای زانکۆی پەرەستاری مەهاباد، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شوێنی وانەکوتنەوەکەی لەم زانکۆیە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. جێگای ئاماژەیە، سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ناوبراو، زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.