
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەممە، “بێهرووز فەڕهەنگ” خەڵکی شاری بۆکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر دووکانی بەرگدوورییەکی لە شەقامی “مەولەوی شەرقی”، دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سپای پاسداران لە ورمێ گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی بێهرووز فەڕهەنگ، دوای پشکنینی دووکانی بەرگدوورییەکەی، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی خۆی و مامی بە ناوی حسێن فەڕهەنگ داگرتووە. شایانی باسە، بێهرووز فەڕهەنگ ٢٤ کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی، لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ورمێ گواستراوەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.