پێش نیوەڕۆی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندان، ڕەحمان ڕەحیم پوور، تەمەن ٣٧ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەحمان ڕەحیم پوور لە بەرامبەر ماڵەکەی خۆی لە شەقامی (ئوستاد شیرازی)ی شاری سەقز دەستبەسەر کراوە. شایانی باسە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکردنی ئەم بەندکراوە سیاسییە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و هەروەها دەستیان بەسەر مۆبایلی ناوبراو و هاوژینەکەی و تابلێتی منداڵەکانی گرتووە. جێگای ئاماژەیە، ڕەحمان ڕەحیم پوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٣٩٩، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و دوای مانگێک بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆنی و بە شێوەیەکی کاتی تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.