دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەک لە شاری مەریوان
هەینی ۲۵-۰۷-۱۴۰۴   |  17-10-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۴ی ڕەزبەری ١٤٠٤، محەممەد دادڕەس، خەڵکی گوندی سەردوشی سەر بە شاری مەریوان دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی محەممەد دادڕەس، دەیان هێزی ئەمنیی چەکدار لەنێو شەش ئۆتۆمبێلدا، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە. ئەو هێزانە دوای دەستبەسەرکرانی محەممەد دادڕەس، ماڵ و هەندێک لە کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراویان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.