ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ، ئاکام خزرزادە، ٢٨ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی کانی بداغ سەر بە شاری پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندی شاری نەغەدە گواسترایەوە.
ئاکام خزرزادە، پێشتریش لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان لە ڕێگەی (هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەک)، حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١، دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ گواسترابوویەوە. ناوبراو ڕۆژ شەممە ١٩ی خەرمانانی هەمان ساڵ، بۆ زیندانی شاری نەغەدە گواسترایەوە و لە کۆتاییدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانانی ئەو ساڵە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.