بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەرمانان، “پارسا قوبادی” خۆپیشاندەری تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی شایەنی کامیاران، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆسەر شوێنی کارەکەی باوکی لە کرماشان دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پارسا قوبادی لە ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی ئەم ساڵ، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی بڵاویکردبووەوە کە دوای سەردانە بەردەوامەکانی بۆ لای پزیشک، کەمێک لە بینایی چاوە بریندارەکەی گەڕاوەتەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە دەستبەسەر کران و ببێبەریکرانی پارسا قوبادی لە چارەسەری پزیشکی و دەرمانەکانی، ئەگەری چاکبوونەوەی چاوی خستووەتە مەترسی جددییەوە. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو لە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری پارەکە، لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە کرماشان، کەوتبووە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمەیی هێزەکانی ڕژیم و چاوی بە سەختی برینداربوو.