فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کرانی ٧ هاووڵاتیی لە شاری مەهاباد
دوشەممە ۲۶-۰۹-۱۴۰۳   |  16-12-2024

بە پێی ڕاپۆرتەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەز، “یووسف قاڵ، ئارام مەبزوولە، زانیار سەیدئەحمەدی و سیامەند سەیدئەحمەدی” چوار گەنجی خەڵکی گوندی بەیرەمی سەر بە شاری مەهاباد لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئەمشارە بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
هاوکات، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی “قادر خەرامانفەر، کەمال مەسعوودی و جەلال سەدەفی” ئەو سێ کەسەیان دەستبەسەرکردووە. شایانی باسە، دەستبەسەر کردنی ئەم حەوت هاووڵاتییە بە بەکارهێنانی توندوتیژی بووە و هێزە ئەمنییەکان سەرەڕای پشکنینی ماڵی ئەم هاووڵاتییانە، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ناوبراوانیان داوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم حەوت هاووڵاتییە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ورمێ گواستراونەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ڕۆڵەکانیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراوان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.