بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی دیکە لە دیواندەرە، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم شارە لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی بزوتنەوەی ژینا گەیشتە پێنج کەس.
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای دیواندەرە، بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی موزەفەر دارایی، ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا کاتژمێر ١١ی بەیانی بە بێ هیچ هۆکارێک هەوڵی دەستبەسەر کردنی موزەفەر داراییان داوە و دواتر ماڵەکەیان پشکنیوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە. جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چوار هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی “محەممەد ئەمینی” تەمەن ٣٩ ساڵ و “نەوید شەریفی” خەڵکی گوندی “کانی سپی”، “فەرهاد قەمەری” خەڵکی گوندی “کوتەک” و “فواد مورادی” خەڵکی گوندی “کێلەکەوە” لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرابوون.