
ڕۆژی یەكشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کرماشان، بە هێرشكردن بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیی “مەهسا زارعی”، لە چالاكانی ناسراوی فەرهەنگی و مەدەنی و هەروەها چالاک لە بواری مافەكانی ژنان ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستوتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بە بێ هیچ هۆکارێک هێرشیان كردووەسە سەر ماڵی ئەم چالاكە و بە دروستكردنی کەشی ترس و تۆقاندن و هەروەها بەکارهێنانی توندوتیژی، ناوبراویان دەستبەسەر كردووە. شایانی باسە، مەهسا زارعی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكانەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێ كراوە. تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران و تۆمەتە سەپێندراوەكان بۆ سەر مەهسا زارعی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەكەی لەم بارەیەوە بێ ئاكام ماوەتەوە.