بەپێی زانیارییەکان، جەعفەر ئەمینی ناسراو بە “دارا” چالاکی مەدەنی و خەڵکی شاری بۆکان، ڕۆژی شەممە ٢٦ی جۆزەردان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لەمشارە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بە بێ هیچ هۆکارێک ڕژاونەتە ماڵی بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە و بە بەکارهێنانی توندووتیژی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ زانینی شوێنی ڕاگیرانی و چارەنووسی، هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، جەعفەر ئەمینی لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ لە ئەنجامی ناڕەزایەتیی خەڵکی شاری بۆکان لە دژی هێرشی سپای تورکییە بۆ سەر عەفرین،لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکان دەستبەسەر و گواسترابوویەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی ورمێ. ناوبراو لە لایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “پڕوپاگاندا لەدژی نیزام” بە شەش مانگ زیندان مەحکووم کرابوو کە دواتر لە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٧، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.