دەستبەسەر کرانی چوار هاووڵاتیی خەڵکی سەقز
چوارشەممە ۲۹-۰۵-۱۴۰۴   |  20-08-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێوارەی دووشەممە ۲۷ی گەلاوێژی ١٤٠٤، “زەکەریا مورادی، ئومید ڕەحیم زادە، مەهدی کەماڵی و محەممەد ئەمین پوور”، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەیەک پاش دەستبەسەرکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە، محەممەد ئەمین پوور لە ڕەوتی فریودانی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ چاوپێکەوتنێکی پەیوەندیدار بە ئیشەکەیەوە بانگهێشت کراوە و دواتر لە ئەنجامی هێرشی بەکۆمەڵی ئەو هێزانەدا دەستبەسەر کراوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چوار هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.