بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە شاری دیواندەرە شەپۆلێکی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانیان دەست پێکردووە و تا ئێستا ناسناوی چوار لەو هاووڵاتییانە بە ناوەکانی “محەممەد ئەمینی” تەمەن ٣٩ساڵە و “نەوید شەریفی” هەردوویان خەڵکی گوندی کانی سپی، “فەرهاد قەمەری” خەڵکی گوندی کوتەک و “فواد مورادی” خەڵکی گوندی کێلەکەوە پشتڕاست کراونەتەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، “فواد مورادی” چالاکی مەدەنی و خەڵکی ئاوایی “کێلەکەوە”ی دیواندەرە ، لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سپاوە دەستبەسەر کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بەبێ پێدانی حوکمی دادگا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی ئەم هاووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە. لە لایەکی دیکەوە، سێ هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی “فەرهاد قەمەری” خەڵکی ئاوایی “کوتک” و دانیشتووی دیواندەرە ، “محەممەد ئەمینی تەمەن ٣٩ ساڵ و نەوید شەریفی” هەردووک خەڵکی ئاوایی “کانی چەرموو”ی سەر بە بەشی کەرەفتووی دیواندەرە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کراون. تا ساتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەر کران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چوار کەسە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.