بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی هەینی ١٩ی خەزەڵوەر، “ئەمین عەباسی، خەیروڵڵا حەقجوویان، پاکزاد تاهیری و نەوشاد تاهیری”، لە بازگەی پشکنینی “پاتاق” لە ١٥ کیلۆمیتری جادەی سەرپێڵی زەهاو بەرەو کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران.
ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی گەڕانەوەیان لە شاری قەسری شیرین بۆ کرماشان و پاش چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنی کە لە ئێستادا بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد بووە، دەستبەسەر کران.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکردن و وردەکاری لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە، لە بەردەستدا نییە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، سیاوەش حەیاتی لە کاتێکدا کە نیوەی ماوەی یەک ساڵ بەندکرانەکەی کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان بە شێوە کاتی ئازاد بوو. ناوبراو لە ٢٣ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی، ڕەوانەی زیندان کرابوو.