رۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم خالید حسەینی چالاکی کرێکاری و لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزرانی ریکخراوە کرێکارییەکان لە شاری سنەیان دەستبەسەر کرد.
هەروەها رۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانیش ڕەزا شەریفە چالاکی بزوتنەوەی مامۆستایانی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
سۆرەیا خدری تەمەن ٤٨ ساڵ چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری مافی ژنان لە شاری سنە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژان قادری، هونەرمەند و نیگارکێشی خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا و چارەنووسی نادیارە.
عەبدوڕەحمان محەممەدی ئەرشەد یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی شاری پیرانشار، نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، لە شوێنی کارەکەی (فرۆشگا) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا و چارەنووسی نادیارە.
موژگان کاوسی، نووسەر، توێژەر و زیندانی سیاسی پێشوو، نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان لە ماڵەکەی خۆی لە شاری نەوشەهر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندرا.
تاکاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم هەلسووراوانە لەبەردەستدا نییە.