
بە پێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ یەكشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، “بەفرین مەعرووفی” هاووڵاتیی تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵكی شاری بۆكان، بە مەبەستی جێبەجێكرانی حوکمی بەندكرانەكەی، دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی نزیک لە بنەماڵەی مەعرووفی، بەفرین مەعرووفی لەم دواییانەدا لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی بۆكان بە تۆمەتی “هاوكاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی” بە ٤ مانگ و ٧ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوای ١٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون، لە كۆتاییدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی كاتی تا كاتی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد كرابوو. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، بەفرین مەعرووفی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە ماڵەكەی خۆی و لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە شاری بۆكان دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترابوویەوە.