فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کردنی سەرلەنوێی ئارین کۆخایی لە لایەن هێزەکانی ڕژیم
شەممە ۲۸-۰۵-۱۴۰۲   |  19-08-2023

ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژ، ئارین کۆخایی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام، جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرایەوە و بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.
دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە و گواستنەوەی بۆ بەندیخانە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا دۆسیەی دەستبەسەرکردنی جاری پێشووتری هێشتا کراوەیە و یەکلایی نەکراوەتەوە، هەنووکەش هیچ زانیارییەک لەسەر دەستبەسەرکردنەوەی ناوبراو لە بەردەستدا نییە. ئارین کۆخایی لە ماوەی دەستبەسەربوونی جاری پێشوویدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی پارەکە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر نادیاربوونی چارەنووسی، بە دورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتبوو. دواتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن لێپێچەری دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپی تاوانکار”، “مانۆڕ بە چەکی گەرم” و “تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی” و هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەشدا، بە تۆمەتی “سووکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی”، لە لایەن دادگای تاوانەکان لە ئیلام سزای پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا بوو. ئارین کۆخایی ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری پارەکە، لە لایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواسترایەوە کە دواتر لە سەرەتای مانگی ڕەشەممەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.