فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کردنی پێنج چالاکی ژینگەپارێز لە مەریوان
شەممە ۱۴-۰۵-۱۴۰۲   |  05-08-2023

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی گەلاوێژ، سێ چالاکی ژینگە پارێزی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی “ئازاد ڕۆحی، لایق محەمەدی و سەرکەوت عیبادی” لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
شایانی باسە، ئەو سێ چالاکە ژینگە پارێزە بە شێوەیەکی دڕندانە لە مەریوان دەستبەسەر کراون. لەنێوان ئەواندا ئازاد ڕۆحی و لایق ئەحمەدی پێشتریش لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ ی گەلاوێژ، “دلێر محەممەدی” دەرچووی بەشی کارەبا و خەڵکی گوندی (باڵک)لە دەوروبەری مەریوان، وە هەروەها “ئالان ئەردەشیری”، ٣٢ ساڵ تەمەن، هەردووکیان دانیشتوویی شاری مەریوان و دوو چالاکی ژینگە پارێزی دیکە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خۆیاندا بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کران. تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەوالە، لە بارەی ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئازاد ڕۆحی، لایق ئەحمەدی، سەرکەوت عیبادی، ئالان ئەردەشیری و دلێر مەحەمەدی، هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. دەستبەسەر کرانی ئەو پێنج ژینگەپارێزە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئاگر کەوتنەوەیەکی زۆر دارستانەکانی مەریوانی گرتۆتەوە و ڕێکخراوەکانی ژینگە پارێزی و چالاکوانانی ژینگە پارێزی لەو شارەدا سەرەڕای بەربەست دروستکردن لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بە دەستی بەتاڵ خەریکی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن چەندین کەسیان لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بریندار بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەوە.