فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کردنی چوار هاووڵاتی لە بەدرە، کامێران مەهاباد و تیکاب
سێشەممە ۳۱-۰۵-۱۴۰۲   |  22-08-2023

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ، ئەسغەر مەحموودی، ٣٣ ساڵە و خەڵکی گوندی «ئەحمەدئاوای خواروو» سەر بە تیکاب لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەبێ هیچ هۆکارێک، چوونە ناو ماڵی ئەسغەر مەحموودی و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیانداوە، دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاندووە و ماڵەکەیان پشکنیوە و ئەو هاوڵاتیەیان دەستبەسەر کردووە. هەروەها، یووسف فەتحیزادە ٣٤ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام، دوابەدوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند کە دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ توندوتیژی بووە و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو لاوەیان لەبەر چاوی دایکە بە تەمەنەکەی بە توندی ئەشکەنجە و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە. هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، ئەمیر سەیدی ٢٦ ساڵە و خەڵکی شاری مەهاباد و ئەفشین ساعدموچشی فیلمهەڵگری خەڵکی گوندی خامسان سەر بە کامێران، دەستبەسەر کراون. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ڕژیم، هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری ئەمیر سەیدی لە پارکی میکاییل و ئەو هاووڵاتیەیان دەستبەسەر کردووە. لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی حکومەتی دوای دەستبەسەر کردنی ئەفشین ساعدموچشی کە لەگەڵ دایکی سەردانی نەخۆشخانەیەکی لە کامێران کردووە، بەبێ هیچ هۆکارێک، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر شتە تایبەتیەکانی داگرتووە وەکوو لاپتۆپ و تابلێتی ئەو هاووڵاتییە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەو چوار هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگیرانیان لە دوای دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە، بەر دەست نییە.