بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، عاتیفە ڕەنگڕیز، چالاکی مافی ژنان دوای پێڕاگەیاندنی تۆمەتەکانی لە لایەن لەقی ١ی لێپرسینەوەی دادوەری دامغان، دەستبەسەر و بۆ زیندانی شاهروود گواسترایەوە.
عاتیفە ڕەنگڕیز، پێشتر لە لاپەڕەی ئیستاگرامی خۆی، نووسی کە لە ئەنجامی پەروەندە سازییەکی نوێی، بە تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەت”، “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” و “بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی” تۆمەتبار کراوە. ئەم چالاکەی مافی ژنان، ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی پارەکە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری دامغان دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە سمنان گواسترابوویەوە. ناوبراو لە کۆتاییدا بۆ زیندانی ناوەندیی شاهروود ڕاگواسترابوو و ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.