فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستدرێژی، پارێزبەندی و دەسەڵات
سێشەممە ۲۰-۰۸-۱۴۰۴   |  11-11-2025

لە هەفتە و مانگەکانی ڕابردوودا، کۆمەڵگەی ئێران جارێکی تر بووەتە گۆڕەپانی مشتومڕێکی بەرفراوان سەبارەت بە تۆمەتەکانی دەستدرێژیی سێکسی لەنێو کەسایەتییە ناسراوەکانی بواری وەرزش و هونەردا. ئەوەی ئەم ڕووداوانە لە ئاستی ڕووداوی تاکەکەسی بەرزتر دەکاتەوە، تەنها ڕوودانی توندوتیژییەکە نییە، بەڵکو کاردانەوەی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتییە بەرامبەری، کە خۆی لە ئینکاری گشتی، سەرزەنشتکردنی قوربانی، پشتگیریکردن لە تۆمەتباران و لە کۆتاییدا، خۆدزینەوە لە وەڵامدانەوەدا دەبینێتەوە. بەپێی بەڵگە و ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو، دەزگای دادوەری و ئینتیزامی زۆربەی کات بە بێدەنگی یان بێکردەوەیی، زەمینەی دووبارەبوونەوەی توندوتیژی خۆش دەکەن. میدیا سەربەخۆکان دادەخرێن و ڕای گشتی لەبری هاوپشتی لەگەڵ قوربانی، بەرەو ئەفسانەسازی بۆ کەسایەتییە بەهێزەکان دەڕۆن.

ئەم چەرخەیە، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی ئابووری، پیاوسالاری و ئایدیۆلۆژیای سیاسییە؛ پەیوەندییەک کە بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی زۆرداری لە هەموو ئاستەکاندا مسۆگەر دەکات. پیاوسالاری تەنها پێشداوەرییەکی کولتووری نییە، بەڵکو سەرخانێکی ئایدیۆلۆژییە کە لەسەر بنەمای ژێرخانێکی ئابووریی نایەکسان بنیات نراوە. سەرمایەداری و پیاوسالاری دوو ڕووی یەک میکانیزمن؛ یەکەمیان هێزی کار دەچەوسێنێتەوە، دووەمیان جەستەی ژن دەخاتە ژێر ڕکێفەوە. لەم چوارچێوەیەدا، جەستەی ژن وەک “خاوەنداریەتیی تایبەت” سەیر دەکرێت و دەستدرێژی، جۆرێکە لە داگیرکاریی هێمایی. تا ئەو کاتەی خاوەنداریەتی، دەسەڵات و یاسا لە ژێر قۆرخی گرووپێکی بچووکدا بمێننەوە، توندوتیژیی جێندەری هەروا درێژەی دەبێت.

لە کۆمەڵگەیەکدا کە بەهای کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای سەروەت، مەحبووبییەت و سەرمایەی میدیایی دامەزراوە، خاوەن ناوبانگەکان پێگەیەکی سەرووی یاسا بەدەست دێنن. ئەوان دەتوانن ئەم ناوبانگەیان لەناو خەڵک وەک قەڵغانێکی بەرگری بەکاربهێنن و بە پشتیوانیی میدیا هاوئاراستەکان، ڕەوایەتی قوربانی بێبایەخ بکەن. سەرمایەی نمادین لێرەدا دەبێتە ئامرازی مەشرووعییەت: هەرچەندە کەسایەتییەکە ناسراوتر بێت، لێپرسینەوەی کەمتر دەبێت. لەئاکامدا، سیستمێک دێتە ئاراوە کە تێیدا “کەسایەتیی گشتی” گرنگتر دەبێت لە “ڕاستیی گشتی”.

میدیا فەرمییەکان لە زۆر حاڵەتدا لەبری ڕۆشنگەری، دەکەونە خزمەتی لەبیربردنەوە. ئەوان لەبری لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکە، باس لە “ئەخلاقی قوربانی” دەکەن و بەم شێوەیە سیستمی بەهایی پیاوسالارانە دووبارە بەرهەم دەهێننەوە. سنووردارکردنی میدیا سەربەخۆکان و سڕینەوەی ڕۆژنامەوانانی لێکۆڵەر، میکانیزمێکە بۆ ڕێگری لە ئاشکراکردنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و توندوتیژی. لە ئەنجامدا، کۆمەڵگە ڕووبەڕووی گێڕانەوەی دەستکاریکراو دەبێتەوە، نەک ئاگایی. ئەو پەیامەی لە هەر دۆسیەیەکی بێوەڵامدا ئاشکرا دەبێت، ڕوونە: دەستت بە عەداڵەت ڕاناگات، کەوابوو بێدەنگ بە. بەم شێوەیە، دەستدرێژی دەبێتە ئامرازی ملکەچکردن؛ زمانێک کە دەسەڵات جەستەکانی پێ کۆنترۆڵ دەکات و ترس دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەمە هەمان کارکردی سیاسیی توندوتیژییە: بەردەوامیدان بە هەژموون لە ڕێگەی ترس و بێمتمانەییەوە.

لە سەردەمی بەجیهانیبوونی سەرمایەدا، پارێزبەندیش جیهانی دەبێتەوە. ئەو کەسانەی بە پێکهاتەی دەسەڵات و سەروەت دەستیان ڕادەگات، دەتوانن بە ئاسانی سنوورەکان ببڕن و خۆیان بخەنە ژێر پەنای یاساکانی ترەوە. ئەم نایەکسانییە جیهانییە، بۆشایی نێوان قوربانی و دەستدرێژیکار قووڵتر دەکاتەوە. دادپەروەری بێکاریگەر دەبێت و سیستمی نێودەوڵەتیش هیچ ئامرازێکی پێشگیرانەی نییە. ئەم دیاردەیە، سەمبۆلی هەمان ناتەبایی چینایەتییە لەسەر ئاستی جیهان.

سەرمایەداری و پیاوسالاری دوو سیستمی تێکهەڵکێشراون کە یەکتر دووبارە بەرهەم دەهێننەوە. لەم ڕووەوە، ڕزگاریی ژن تەنها لە پەیوەند لەگەڵ ڕزگاریی چینایەتی مسۆگەر دەبێت. ئەزموونی خەباتی ساڵانی ڕابردوو ئەوە دەردەخات کە گرێدانی خەباتی دژە-سەرمایەداری و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن دەتوانێت ببێتە هێزێکی نوێ؛ هێزێک کە لە هاوپشتییەوە سەرچاوە دەگرێت. میدیا سەربەخۆکان، فەزا گشتییەکان و گێڕانەوەی بوێرانە، ئامرازە سەرەتاییەکانی بەرگرین. لە بەرامبەر پێکهاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرەکاندا، دروستکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان کە لە دەرەوەی دەوڵەت بن، پێویستییەکی سیاسییە. ئەم ڕێکخراوانە دەبێت لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت و دامەزراوەکانی سەر بە دەسەڵات دابمەزرێن و لەسەر بنەماکانی ڕێکخستن، هاوپشتیی چینایەتی و دادپەروەریی جێندەری بنیات بنرێن.

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران، پەردەیان لەسەر ڕووی سیستمێک لادا کە پیاوسالاریی کردووەتە بەشێک لە لۆژیکی مانەوەی خۆی. دەستدرێژی لە وەها نیزامێکدا، لادان نییە بەڵکو ئامرازی کۆنترۆڵە؛ شێوازێکە لە سەپاندنی دەسەڵات کە لەلایەن یاسا، میدیا و سەرمایەوە پشتیوانی دەکرێت. ئاگایی چینایەتی، خۆڕێکخستنی سەربەخۆ و پێکەوەگرێدانی بزووتنەوەکانی کرێکاران و ژنان دەتوانێت بناغەکانی ئەم سیستەمە بخاتە ژێر پرسیارەوە. دادپەروەری لەم تێڕوانینەدا، بە مانای تۆڵەکردنەوە نییە، بەڵکو نۆژنکردنەوەی بنەڕەتیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە؛ کۆمەڵگەیەک کە تێیدا جەستە، کار و ئازادیی مرۆڤ لە لۆژیکی خاوەنداریەتی ڕزگاری بووبێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv