فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستگیری و بازجوویی منداڵان لە کوردستان؛ کۆماری ئیسلامی لە سێبەری خۆشی دەترسێ
دوشەممە ۲۹-۰۵-۱۴۰۳   |  19-08-2024

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا مەئموورانی سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەرکردن و ئەزیەت و ئازاری منداڵانیان پەرەپێداوە. ئەم دەزگا سەرکوتگەرە هەفتەی ڕابردوو ٢٠ منداڵ و تازەلاوی ١٣ تا ١٨ ساڵی دانیشتووی ئاوایی “نێ”ی سەربە شاری مەریوانی بانگ کردووە. بازجووەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئەم منداڵانەیان بەتوندی خستووەتە ژێر توندوتیژی و هەڕشە و لێپرسینەوە. تا جێیەک کە یەکێک لەم منداڵانە تووشی تەشەنوج و کێشەی دەروونی بووە و حاڵی تێکچووە و بەکرێگیراوانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران مەجبوور بوون ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانیی بکەن. هۆکاری ئەم دەستبەسەرکردنە، وەک هەمیشە تۆمەتی پووچ و بێبنەمای چالاکیی تەبلیغی دژبە نیزامی ئیسلامی و بە قازانجی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بووە. دەزگا سەرکوتگەرە ئەمنیەتییەکان هەوڵیان داوە لەم ڕێگەوە بۆ ئەوان و بنەماڵەکانیان بەئامانجی گرەوکەشیی سیاسی و ماڵی پەروەندەسازی بکەن. ئەو تۆمەت و هەڵسووکەوتانەی کە خەڵکی کوردستان دەمێکە لەگەڵیان ئاشنان.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی مانگی گەلاوێژ لە مەهاباد سێ کەس لەوانە ژنێک و دوو منداڵ کە یەکیان تەنها ١٣ ساڵی بوو لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نامەعلووم کران. تۆمەتی ئەم کەسانە لەلایەن دەزگا سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە هێستا ڕوون نەکراوەتەوە. ڕۆژی هەینی ٢٦ی مانگی گەلاوێژیش هەواڵی دەستگیرکردنی منداڵێکی ١٥ ساڵ تەمەن بەناوی ئاریا یووسفی خەڵکی بۆکان بڵاوکرایەوە، کە هێزە سەرکوتگەرە ئەمنیەتییەکان لە گرتووخانەی شاری ماکۆ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەتوندی خستبوویانە ژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەوە تا شوێنی مانەوەی دایکی “فاتمە داوەند”، لە زیندانییانی سیاسیی پێشوو، ئاشکرا بکات. ئەم دایکە تێکۆشەرە لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی دژبە حکوومەتی ئیسلامی بوو کە بێدادگا دژەئینسانییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئەویان بە تۆمەتی بێ بنەمای “تێکدانی نەزمی گشتی، دروستکردنی بشێوی، لابردنی حیجاب و تەبانی دژبە ئەمنیەتی وڵات ( واتە ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی)، بە زیندان و شەللاق مەحکووم کردبوو. هەروەها دادستانی گشتیی ڕژیم لە کرماشان لەوپەڕی بێشەرمیدا باسی لە دەستگیرکردنی دوو تازەلاوی بەکارهێنەری ئینتەرنێت کرد. تۆمەتی ئەم دوو کەسە دروستکردنی تەفرەقە و هاندانی خەڵک لە ڕێگەی کردنەوەی دوو ئەکاونت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگڕام و ئینستاگرام ڕاگەیەندراوە.

دەستبەسەرکردنی منداڵان و ئازاردان و ئەزیەت کردنیان لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی بە ئامانجی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا، نیشانەی ئەوپەڕی ترس و وەحشەتی سەرانی ڕژیمە لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی نیزامی ئیسلامی. ئەم ڕژیمە کۆنەپەرست و دژەئینسانە کە لە سێبەری خۆشی دەترسێ منداڵانیش بە دوژمنی خۆی دەزانێ. هەڵبەت منداڵان لە ئێران دەبێ کۆماری ئیسلامی بە دوژمنی خۆیان بزانن. منداڵان یەکەمین قوربانییانی پەرەسەندنی قەیرانەکانی حکوومەتی ئیسلامی بوون. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پەرەسەندنی بێکاری و گرانی و هەژاریی بنەماڵەکان، ژمارەی منداڵانی کار و شەقامی بەشێوەیەکی بێوێنە پەرەپێداوە. ئەگەرچی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بڵاوبوونەوەی ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی کار و شەقام، منداڵانی بەجێماو لە خوێندن بەهۆی هەژاری و بێکاری ڕێگری دەکەن، بەڵام کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو، ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ئیسلامی دانی بەوە دانا کە هەژاریی بنەماڵەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە ١٥%ی منداڵان لە ئێران ناچار بن بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان و یارمەتیدانی بنەماڵەکانیان دەست بدەنە کاری سەخت و دژوار و ١٠%ی منداڵان هەر بەم هۆکارە لە خوێندن بێبەری دەبن. کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر چارەنووس و داهاتووی منداڵان نەتەنیا حازر نەبووە بوودجەیەک بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسایی بۆ منداڵان تەرخان بکات، بەڵکوو ئەوان بە موزاحم و ژانەسەر دەزانێ. چەند مانگ لەمەوبەر زاکانی شارەداری دز و گەندەڵی تاران و دەستیاری سەرۆک کۆمار لە بواری ئازارە کۆمەڵاتییەکان، گەڵاڵەیەکی بۆ کۆکردنەوە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ منداڵانی کار و شەقام ئامادە کرد تا بە هاوکاریی پۆلیس و دەزگای قەزایی بەڕێوەبچێت. ئەو بێشەرمانە قەولی دابوو کە: ”بە تەرحێکی زەربەتی ئەوان کۆدەکاتەوە و ڕوخساری شار لە منداڵانی کار و شەقام پاک دەکاتەوە”. ئاشکرایە گەڵاڵەیەک کە بە هاوکاریی پۆلیس و دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی بەکردەوە دەربێت، شێوازێکی تێکەڵ بە توندوتیژی و جەنایەتکارانە دەبێت. ئەم شارەدارە گەندەڵە کە خۆی و مفتەخۆرەکانی دیکەی حکوومەت لە ڕێگەی کاری کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەرانیان بۆ خۆیان پێکهێناوە، ناتوانن لەوە بگەن کە بۆچی ئەم منداڵە بێ تاوانانە لەجیاتی خوێندن و یاریکردن مەجبوورن لە شەقامەکان ڕوو بکەنە زبڵگەڕی و لەژێرزەمینەکان و لە کارگا نائەمنەکاندا کاری سەخت و دژوار ئەنجام بدەن و شەوانە لەسەر شەقامەکان بخەون و بکەونە داوی مافیای “بەرادەرانی قاچاخچی”ی خۆیانەوە؟

ئەگەرچی بارودۆخی دڵتەزێنی منداڵانی کار و شەقام ڕیشەی لە موناسباتی نیزامی سەرمایەداریدایە و بەرهەمی پەرەستاندنی هەژاری و برسیەتییە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک کوردستان و سیستان و بەلووچستان منداڵانی کار لەگەڵ مەترسیی زیندان و ئەشکەنجەش بەرەوڕوون. حاکمانی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستن و درێژەدان بە دەسەڵاتەکەیان کە بێجگەلە هەژاری و برسیەتی و شەڕ و نائەمنی دەستکەوتێکی دیکەی بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش نەبووە، لە هیچ جۆرە جەنایەتێکی دژەئینسانی بۆ نموونە لە ئەزیەت و ئازار و ئەشکەنجە و زیندانی کردنی منداڵانیش دەست ناپارێزن. بێگومان ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حکوومەتی شۆرایی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، مەسیری دەستەبەرکردنی ئازادی و شادی و ڕەفاهی منداڵانیشە.