فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەست پێکردنی کۆبوونەوەی سەراسەری مامۆستایان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران
سێشەممە ۱۹-۰۲-۱۴۰۲   |  09-05-2023

دوای ئەو بانگەوازە سەراسەرییەی کە لە لایەن شواری هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی سەراسەری لە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گوڵان بڵاوکرایەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە بەشێک لە شارەکانی ئێران دەستی پێکردووە. 

لە بەشێک لە شارەکان هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم لە شوێنی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێناندا جێگیر کراون تا ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆ بوونەوانە بکەن کە پێشتر ڕاگەیەندرابوو. 

هەرەها چەندین ڕاپۆرت لەسەر کێشە و پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت لە بەشێک لە شارەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە. 

شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران ڕۆژی ١٢ی گوڵان، داوای لە سەرجەم مامۆستایانی ئێران کرد کە لە رۆژی ١٩ی گوڵان، لە کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە لە تاران لە بەردەم مەجلیسی شورای ئیسلامی و هەروەها لە شار و پارێزگاکان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێناندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرن. 

لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا کە بەدەستی سایتی گەیشتووە ژمارەیەک لە مامۆستایان لە شارەکانی ئەهواز، قەزوین، خوزستان، شووش، ئیسلام ئابادی غەرب، توربەت حەیدەریە،  هەرسین، ئەراک، هەمەدان، سنە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارانەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان دەست پێکردووە. 

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچێت کە ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووراوانی پیشەیی مامۆستایان ماوەیەکی زۆرە لە زیندانەکاندا بەسەر دەبەن و بەشێکی زۆریان لەگەڵ دۆسیەی ساختە و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بەرەڕوون.

هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە شاری سنە گرژی و تێکهەڵچوون لە نێوان مامۆستایانی ناڕازی و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم ڕوویداوە. 

پیویستە بوترێ کە بانگەوازی کۆبوونەوەی سەراسەری مامۆستایانی ئێران لەگەڵ پێشوازی پیشەیی، ڕێکخراوە کرێکارییەکان و بزووتنەوە جوراوجۆرەکان ڕووبەڕوو بووەوە.