نوێنەرانی وڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەماوەز ڕایانگەیاند کە، دەنگدان بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئەمنییەت سەبارەت بە شەڕی غەززە بۆ جارێکی تر لەسەر داوای ئامریکا دوا کەوت.
ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا ٢ جاری دیکە پێشنووسی ئەم بڕیارنامەیەی ڤێتۆ کردووە.
نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە دەنگدانی بەپەلە ئەنجامی باشی نییە و وتووێژەکان بەردەوامە تا جارێکی تر پێشنووسەکە ڤێتۆ نەکرێت.
ئەمریکا لەوە ناڕازییە کە پێشنووسەکە داوا لە “گۆتێرێش” سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات تاکوو مێکانیزمێک لە غەززە دروست بکات کە چاوەدێری لە سەر هەموو یارمەتییە مرۆییەکان کە لە ڕێگەی دەریا و ئاسمان و زەوییەوە دەچنە نێو غەززە بکات.
لە ئێستادا ئیسرائیل چاوەدێری یارمەتییە مرۆیی و سووتەمەنییەکان دەکات کە لە ڕێگەی دەروازەی “ڕەفەح و کەرەم شالووم”ـەوە دەچێتە نێو غەززە.
تا ئێستا ڕوون نییە کە پەسەندکردنی بڕیارنامەکە بۆ چەن ڕۆژ دوا دەکەوێت.
ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاگربەستی یەکجاری ڕازی نین و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەوە تەنیا لە بەرژەوەندیی حەماسدایە، واشینگتۆن تەنیا لە ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەیەکی کورت پشتیوانی دەکات.