فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەوڵەتی ئیسرائیل، درێژەی جینۆساید بە ئامانجی لەناوبردنی نەتەوەی فەلەستین
سێشەممە ۱۹-۰۱-۱۴۰۴   |  08-04-2025

دەسەڵاتی فاشیستی ئیسرائیل بە ئامانجی لەناوبردنی نەتەوەی فەلەستین لە کوشتن و جینۆسایددا بەردەوامە. ئەم حکوومەتە داگیرکەرە بە درێژایی ٧٧ ساڵ تەمەنی، بە ئامانجی نابوودکردنی خەڵکی فەلەستین و داگیرکردنی هەموو خاکەکەیان، کوشتار و کۆمەڵکوژیی درێژە داوە. لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و بەدوای هێرشی تیرۆریستیی گرووپی کۆنەپەرستی حەماس بۆسەر شارۆچکە نشینەکانی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، بە بەرپاکردنی شەڕی جنایەتکارانە دژبە خەڵکی فەلەستین، هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لە خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین گیانیان لەدەستداوە و پتر لە ١١٤ هەزار کەس برینداربوون و هەموو کەرتی غەززەی کردووەتە وێرانە. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەدا ٦٠ی کوژراو و بریندارەکان ژن و منداڵن. هەڵبەت حکوومەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل زۆربەی تاوانە ترسناکەکانی دژی گەلی فەلەستین بە نهێنی دەهێڵێتەوە. بەو پێیەی غەززە بەتەواوی لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە و هەواڵنێرانی سەربەخۆ ڕێگەیان پێنادرێت هەواڵی ئەم کۆمەڵکوژییە و تاوانەکانی شەڕ ڕووماڵ بکەن، جەماوەر بێ ئاگان لەو هەموو تاوانە ترسناکانەی کە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێن. هەرچەندە لەم ماوەیەدا هەزاران بابەتی شیکاری و ئاماری سەبارەت بە کردەوە تاوانکارییەکان و جینۆسایدی حکوومەتی فاشیستی ئیسرائیل بڵاوکراونەتەوە، بەڵام هەم حکوومەتی ئیسرائیل و هەم حکوومەتی ئەمریکا و حکوومەتە هاوپەیمانەکانی دیکە هەوڵدەدەن پێش بە بڵاوکردنەوەی وردەکاریی هەواڵی تاوانەکان بگرن و هەواڵە ساختە و ناڕاستەکان بە خەڵک بدەن.

یەکێک لەو تاوانانەی کە سرووشت و زەرفییەتی بەرزیان لە ئەنجامدانی تاوان نیشان دەدات، ئەو تاوانەیە کە ئەرتەشی جنایەتکاری ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤ لە گەڕەکی تەل سوڵتان لە باشووری شاری ڕەفەح لە کەرتی غەززە ئەنجامی داوە. لەم ئۆپەراسیۆنەدا کاروانێکی ئەمبولانسەکانی مانگی سووری فەلەستین و ئۆتۆمبێلێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆتۆمبێلێکی ئاگرکوژێنەوە کە خەریکی یارمەتیدانی بریندارەکان بوون، لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە هێرشیان کرایە سەر. لەم هێرشە دڕندانەیەدا، ١٥ کارمەندی فریاگوزاری، لەوانە هەشت پزیشکی مانگی سووری فەلەستین و شەش ئەندامی هێزەکانی بەرگری شارستانی و یەکێک لە کارمەندانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەسەر و لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لێکرا و کوژران. ئەم کارە دڕندانەیە بەڕێکەوت و هەڵە نییە، بەڵکوو بەرهەمی ئەو بڕیار و فەرمانانەیە کە لەلایەن سەرکردە و فەرماندە خوێنڕێژەکانی ئیسرائیلەوە بە یەکە سەربازییەکان دراوە.

ئەرتەشی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم تاوانە، بە بۆڵدزەر تەرمی ئەم کەسانە و ماشێن و ئامبۆلانسەکانیی خستە ژێر خاکەوە. هەفتەیەکی خایاند تا هێزەکانی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەدوایاندا دەگەڕان، تەرم و ئۆتۆمبێلەکانیان بدۆزنەوە و لەژێر خاک بیانهێننەوە دەر. ئەرتەشی فاشیستی ئیسرائیل سەرەتا بێ شەرمانە هەواڵی پەیوەندیدار بەم تاوانەی ڕەت کردەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە سەرۆکی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە تۆمەتەکانی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە کە ئەوان ئەندامی حەماس بوون و وتی: “کارمەندانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارمەندانی فریاگوزاری بە یوونیفۆرم و جلیقەی شەوڕەنگ و دەستکێشی ناشتنەوە لە ڕاگواستنی کوژراو و بریندارەکانی شەڕ بۆ نەخۆشخانەکان و کۆمەک بە ئەوان، هاوکارییان کردووە”. تەنیا هەر ئەم نموونەیەش نەبووە و بەپێی ئەو ئامارانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، هەتا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ کارمەندی مانگی سوور و بەرگری شارستانی و زیاتر لە هەزار کارمەندی بەشی تەندروستی لە شەڕی غەززەدا گیانیان لەدەستداوە.

تەرمی ئەم ئینسانە شەریفانە، یەک هەفتە دوای ئەنجامدرانی ئەم تاوانە و بەخاتری چەند ڕۆژ ماتەڵ کردنی لەئانقەستی ئیسرائیل بۆ دەرکردنی ئیجازەی لێکۆڵینەوە، لە کاتکێدا دۆزرانەوە کە لەو مەسیرەدا تەلەفونی یەکێک لە گیان بەختکردووان دیترابۆوە. لەو مۆبایلەدا کلیپێکی تێدا بوو کە ڕووداوەکانی هەتا بەر لە کوشتنی خاوەنەکەی نیشان دەدا. ئەم کلیپە دڵتەزێنە ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوە لەلایەن نوێنەری فەلەستین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا. ئەم گرتە ڤیدیۆیە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە سەرەڕای ئەوەی ئەم کاروانە چرای هۆشداری سوور و شینیان هەڵکردووە و سەرەڕای ئەوەیکە ئەرتەشی فاشیستی ئیسرائیلیش ئاگادار بووە کە ئەم ئامبوڵانس و ئۆتۆمبێلانە فریاگوزارن، بەڵام تەقەیان لێکردوون و کووشتوویانن. ئەم کلیپە لە تاوانی ئەرتەشی داگیرکەری ئیسرائیل بەخێرایی میدیایی بووەوە. پاش ئەوەی تاوانەکە ئاشکرا بوو، ئەرتەشی ئیسرائیل بێ شەرمانە ڕایگەیاند کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی هێرشیان کراوەتە سەر، چرای پێشەوە و نیشانەی فریاگوزارییان نەبووە.

نەتانیاهۆی شەڕخواز بۆ درێژەی دەوڵەتەکەی و بۆ وەدواخستنی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی گەندەڵییەکانی کە لە دادگاکانی ئیسرائیلدا هەیەتی، گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە شەڕ درێژە دەدات و هیچ پێشنیارێکی ئاگربەستی دایم قبووڵ ناکات. لە ماوەی ئەو ئاگربەستە کاتیە چل ڕۆژەیەدا کە لە ٣٠ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٣ بەرقەرار کرا، بۆ تێکدانی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی شەڕ هەموو هەوڵێکی دا. سەرەنجام ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی مانگی بەفرانبار ئەم ئاگربەستەی خستە ژێر پێ و بۆمبارانی ناوچەکانی غەززەی دەستپێکردەوە.

لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا حکوومەتی فاشیستی ئیسرائیل بە ڕێگری کردن لە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە خۆراکی و سووتەمەنیەکان و دەستپێکردنەوەی بۆردومانی بەردەوام، بووەتە هۆی کوشتنی زیاتر، هەژاری، برسێتی و ئاوارەبوونی دووبارەی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین. هێندێک لەم خەڵکە لەم دواییەدا گەڕابوونەوە شار و ماڵە وێرانکراوەکیان و لە خێوەتە شڕ و دڕاوەکانیاندا نیشتەجێ بوون. ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل بەئاشکرا ڕاگەیاندووە کە لە هەوڵی داگیرکردنی بەشێکی دیکە لە کەرتی غەززەدایە و لە هاوکاری لەگەڵ ترامپ بۆ کۆچ پێکردنی خەڵکی غەززە بۆ وڵاتانی دیکە و داگیرکردنی تەواوی غەززە بەرنامەڕێژی دەکات.

بێگومان ئەم گرتە ڤیدیۆیە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی لە تاوانی دەسەڵاتدارانی جنایەتکاری ئیسرائیل دژبە مرۆڤایەتی، لە ئارشیڤی مێژوودا تۆمار کراوە و دەمێنێتەوە. ئەگەر سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداریی هاوپەیمان لەگەڵ ئیسرائیل و ناوەندەکانی بەناو مافی مرۆڤەکەیان لەئێستادا چاوی خۆیان بەسەر ئەم تاوانانەدا بەستووە و بە “مافی بەرگریی ئیسرائیل” پێناسەی دەکەن، لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا هاوشێوەی سەرانی نازییەکان کە تاوان و جینۆساید و سووتاندنی مرۆڤیان لە ئوردووگای “ئاشویتس”دا خستبووە ڕێ، لەلایەن دادگاکانی خەڵکەوە موحاکمە دەکرێن و سزای کردەوە دژەئینسانییەکان وەردەگرن.