
لە کاتێکدا کە چل ڕۆژ شەڕ و پێکدادان لە نێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بووەتە هۆی کوشتار و وێرانکارییەکی زۆر لە ئێران، لوبنان و تا ڕادەیەکیش لە ئیسرائیل، ئێوارەی سێشەممە ١٨ی خاکەلێوە، ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە لایەن ترامپەوە ڕاگەیەندرا. ئەم ئاگربەستە لە ڕواڵەتدا لەسەر داوای دەوڵەتی پاکستان و بە مەرجی قبووڵکردنی لەلایەن لایەنەکانی شەڕ و، لە بنەڕەتدا بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێک هاتووە. هەڵبەت پێشتر ترامپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە داخستنی گەرووی هورمز نەهێنێت، سەرجەم ژێرخانە کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری، سەربازی و حکومییەکان خاپوور دەکات و شارستانییەتێک لەسەر ڕووی زەوی دەسڕێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، ئەم ئاگربەستە زۆر لەرزۆک و بێبناغەیە؛ چونکە هەر لە ئێستاوە هەردوو جەمسەرە شەڕانگێزەکە، هەرکامیان بە هۆکار و بیانوویەکەوە لایەنی بەرامبەر بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تاوانبار دەکەن و، هەریەکەیان بە هێنانەئارای مەرج و بیانووی جۆراوجۆر، ئاگربەستەکە دەخەنە بەردەم قەیران و بەرەو چارەنووسی شکست پاڵی پێوە دەنێن. لەو سێ ڕۆژەی کە بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەدا تێپەڕیوە، لە چەندین شاری ئێران لەوانە بەندەرعەباس، تاران، تەورێز و کەرەج، دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان بیستراوە و تەقینەوەی گەورە و بەهێز بەردەوام بوون.
ئێستا و لە کاتێکدا کە شاندەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی دانوستان بەرەو ئیسلامئاباد بەڕێوەن، ئەمریکا پێداگری لەسەر کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز دەکات و کۆماری ئیسلامیش بۆ ڕزگارکردنی حیزبوڵڵا لەژێر زەبری گورزەکانی ئیسرائیل، هەوڵ دەدات کە ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە. گرووپی حیزبوڵڵا، لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەی دواییدا بۆ پشتیوانی لە ڕژێمی ئیسلامی، دەیان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و لە بەرامبەریشدا، دەوڵەتی جینۆسایدکار و فاشیستی ئیسرائیل ڕۆژانە بە بۆردومانی بێوەستان، باشووری لوبنان و ناوچەکانی باشووری بەیروتی کردووەتە وێرانە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوە و هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی و لە دژایەتیکردنی ئەو ئاگربەستەدا، دەوڵەتی ئیسرائیل لە دڕندانەترین هێرشیدا بۆ سەر بەیروت و باشووری لوبنان، لانیکەم ٣٠٠ کەسی – کە یاریدەدەر و سکرتێری نەعیم قاسم، ڕێبەری حیزبوڵڵاشیان تێدابوو – کۆمەڵکوژ کرد و زیاتر لە ١١٠٠ کەسیشی بریندار کرد. هەڵبەت حیزبوڵڵاش لە کاردانەوە بەم هێرشانە، دەستی دایە هاویشتنی مووشەک و ڕاکێتی زیاتر بەرەو ئیسرائیل. بەدوای ئەم هێرشانەدا، ترامپ ڕایگەیاند کە: “کۆتاییهێنان بە تێکهەڵچوونەکان لە لوبنان، لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا جێگەی بۆ نەکراوەتەوە و لوبنان بەشێک نییە لە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە”. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە دەزانن.
دەوڵەتی ناتانیاهۆ نەک هەر ئامادە نییە ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان قبووڵ بکات، بەڵکوو هەوڵی داوە لە ڕێگەی دانوستانی فەرمی لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان، پرۆسەی چەککردنی حیزبوڵڵا خێراتر و پراکتیکی بکاتەوە و لەم ڕێگەیەشەوە هەڕەشە بخاتە سەر ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، ناتانیاهۆ ڕایگەیاند کە: “پاش گفتوگۆ لەگەڵ ترامپ، فەرمانی بە دەوڵەتەکەی کردووە کە لە زووترین کاتدا دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان دەست پێ بکەن.” لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەم دانوستانانە لەسەر چەککردنی تەواوەتیی حیزبوڵڵا و دامەزراندنی پەیوەندییەکی ئاشتییانە لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل چڕ دەبنەوە و، حەفتەی داهاتوو یەکەمین دانیشتنی لە واشینگتۆن بە ئامادەبوونی تیمی ئەمریکا و باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. لەم پەیوەندییەدا و هەر ئەو ڕۆژە، دەوڵەتی لوبنان فەرمانی بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان کرد کە لە بەیروت دەست بە کۆکردنەوەی چەک بکەن، چونکە بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ حیزبوڵڵا، دەبێت چەک بە شێوەی پاوانکراو تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. ئەم بڕیارە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی دوو وەزیری سەر بە حیزبوڵڵا لە کابینەی لوبنان بووەوە. هەڵبەت چەککردنی حیزبوڵڵا لە لوبنان ناتوانێت بەو سادەییە بێتە دی.
لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، مەسعود پزیشکیان هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر حیزبوڵڵا بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و نیشانەی فریوکاری و پابەندنەبوونی ئەمریکا بە ڕێککەوتنە سەرەتاییەکانی ئاگربەستەکە لەقەڵەم دا و وتی ئەم کارە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بێمانا دەکات. ناوبراو هەڕەشەی ئەوەی کرد کە “پەنجەکانمان هێشتا لەسەر پەلەپیتکە ماونەتەوە”. قاڵیبافیش کە لە سەرووی شاندی دانوستانکار لەگەڵ ئەمریکادایە وتی: “لوبنان و سەرجەم لایەنەکانی میحوەری موقاوەمەت، هاوپەیمانانی کۆماری ئیسلامین و بەشێکی جیانەکراوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەن.” ئەویش بە لافلێدانێکی بێبنەماوە ڕایگەیاند کە هەرچەشنە پێشێلکردنێکی ئاگربەست، باج و وەڵامی توندی بەدواوە دەبێت. گرتنەبەری هەڵوێستی لەم چەشنە لە لایەنگرییکردن لە حیزبوڵڵا، دەری دەخات کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەو گورزە قورسانەی کە بەریکەوتووە، هێشتا لە هەوڵی بوژاندنەوەی ستراتیژییە ناوچەییەکەی و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت”دایە. ئەمەش یەکێک لە نیشانەکانی لەرزۆکبوونی ئاگربەستێکی لەو شێوەیەیە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکادا.
حیزبوڵڵای لوبنان لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە ڕێنمایی و ئاراستەکردنی کۆماری ئیسلامی و کردەوە تیرۆریستییەکانی، لوبنانی کردووەتە گۆڕەپانی ململانێی ناوخۆیی و شەڕ و خوێنڕشتن لەگەڵ ئیسرائیل. ئەم گرووپە کۆنەپەرستە بە هۆی شکستخواردنی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ناچار بە قبووڵکردنی ئاگربەست و چەککردن و پاشەکشە لە باشووری لوبنان بوو. ئێستا دەوڵەتی لوبنان بە کەڵکوەرگرتن لە بارودۆخی هەنووکەیی، دەیەوێت قۆناغی دووەمی پرۆسەی چەککردنی حیزبوڵڵا جێبەجێ بکات و دەستی حیزبوڵڵا لە دەستوەردان لە حکومەتدا کورت بکاتەوە. بەڵام پێکهێنان و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە حیزبوڵڵای لوبنان لە پتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، بەشێک بووە لە ستراتیژیی دەستوەردان و شەڕانگێزییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و باجێکی زۆر قورسیشی هەبووە. لە شەڕی ئێستاشدا، بەردەوامبوونی ئەم ستراتیژییە یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانی ئەم شەڕە وێرانکەرە. سەرباری ئەمەش و سەرەڕای شکست و داڕمانی هێزەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت” لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕژێمی ئیسلامی لەپێناو مانەوەی خۆیدا و لەوپەڕی قەیرانی ئابووریدا، بەتەمایە سەرلەنوێ ئەم گرووپە تیرۆریستییە ڕێک بخاتەوە و بیبوژێنێتەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە