ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی مانگی ڕەزبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پارلەمانی تورکییە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی حیزبی داد و گەشە (ئاک پارتی)، وێڕای ئاماژە بە هەوڵ و وتەکانی “باغچەلی” ڕێبەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و (ڕێکخراوی ناسیۆنالیستی توندڕەو و نێئۆفاشیستی گورگە بۆرەکانی تورکییە)، قسەوباسێکی سەبارەت بە کوردەکانی تورکییە کرد. ئەردۆغان وتی: ”بە سەرنجدان بە بارودۆخی قەیراناویی ناوچەکە و مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر تورکییە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا لە تورکییە، پێویستمان بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە. ئەو ڕوو بە پەرلەمانتارەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دیم پارتی) کە لە کوردستانی تورکییە نفووزێکی زۆری هەیە وتی: ”ئەگەر گفتوگۆ لەپێناوی بەرژوەند و قازانجی تورکییەدا بێت، ئێمە ئامادەین. ئەو کەسانەی کە هەمیشە خۆیان بە حیزبێکی تورکییەیی پێناسە دەکەن، دەبێ لە بەرامبەر قەیرانی ناوخۆییدا کە تورکییە دەباتە سەر لێواری هەڵدێر، ڕاوەستن”.
ئەردۆغان بە بێ ناوبردنی (پەکەکە)، ناڕاستەوخۆ لە وتووێژ لەگەڵ ئەم حیزبە پشتیوانیی کرد و وتی: ”پێویستە هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بین کە لە پرۆسەی دیموکراسیدا جێگەی توندوتیژی و تیرۆر نییە. ئەگەر چەکت لە دەستدا بێت، دانوستان و دیالۆگ مانای نابێت. بێگومان هێندێک شێوازی سیاسیی خۆیان گۆڕیوە”. ئەردۆغان لە وتەکانیدا وێڕای ئاماژە بە سیاسەتی دەوڵەتەکەی سەبارەت بە کوردستانی سووریە و ڕێبەریی “خۆسەری ڕۆژئاوا”ش وتی: ”لە بارودۆخی ئێستادا و دوای دە ساڵ پێویستە سەبارەت بە ئەوێش سیاسەتێکی نەرمتر بگرینەبەر”.
”دەوڵەتی باغچەلی” فاشیست و هاوپەیمانی نزیکی ئەردۆغان، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی مانگی ڕەزبەر سەبارەت بە کردەوەی بێوێنەی خۆی واتە دەست لێدانەوە و ئەحواڵپرسی لەگەڵ پارلەمانتارەکانی حیزبی “دیم پارتی” لە یەکەمین کۆبوونەوەی پارلەمان لە یەکی ئۆکتۆبردا وتبووی کە: ”لە بارودۆخێکی تازە کەوتووین. لە سیاسەتدا هیچ پرسێک نییە کە نەکرێ چارەسەری بکەی. لە کاتێکدا کە دنیا خوازیاری ئاشتییە بە ئامانجی پێکهێنانی ئاشتی و یەکگرتوویی نەتەوەیی دەستم بەرەو برا و خوشکەکانم درێژ کرد. وەرن با لەم بارودۆخە هەستیارەدا وەک حیزبێکی نیشتمانی لە بەرامبەر تیرۆردا ڕاوەستین و بە گفتوگۆی ناوخۆیی بۆ ئاسایش و ئاشتی پەیوەست بن”. ئەم کردەوە و وتانەی باغچەلی کە زۆر پرسیاری بەدوای خۆیدا هێناوە، لە حاڵێکدایە کە ئەو ساڵەهایە حیزبی “هەدەپە”ی پێشوو و “دیم پارتی”ی ئێستای بە تیرۆریست و باڵی سیاسیی “پەکەکە” ناولێبردووە و بۆ لەناوبردنیان لەگەڵ ئەردۆغان هاوکاریی کردووە.
ئەردۆغان و باغچەلی لە کاتێکدا دووڕوویانە باس لە گفتوگۆ و دانوستان بۆ چاەرەسەرکردنی مەسەلەی کوردستان دەکەن کە هێزە سەرکوتگەرە ئەمنیەتییەکانی تورکییە هەر لە ڕۆژی چوارشەممەدا لە هێرشێکدا بۆسەر ماڵەکانی خەڵک لە شاری “مسرجی”، پێج ژنی چالاکی سیاسی لەوانە سەرۆکی هەڵبژێردراوی شۆرای شار و ئەندامی “دیم پارتی”یان بە تۆمەتی ئەوەی سەربە “پەکەکە”ن دەستگیر کرد. ڕۆژی پێشتریشی لە ئیستانبوڵ پێنج لاوی چالاکی سیاسی کوردیان بە هەمان تۆمەت دەسبەسەر کرد. ئەوان لە حاڵێکدا باس لە گفتوگۆ و سازش لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن کە هەمان ڕۆژ قەدەغەکردنی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی گەورەیان ڕاگەیاند کە بڕیاربوو لە ١٣ی ئۆکتۆبەر لە دیاربەکر لەلایەن دیم پارتییەوە بەڕێوەبچێت.
بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموون و کردەوەی فاشیستیی دوو دەیەی ڕابردووی دەوڵەتی تورکییە کەمتر کەسێک وتەکانی ئەردۆغان و باخچەلییان بەجیددی وەرگرتووە. بەسیە هوزات هاوسەرۆکی شۆرای ڕێبەریی “پەکەکە” لە وتووێژێکدا لە کاردانەوە بە وتەکانی ئەردۆغان و باغچەلیدا، بە یاریی تازەی ئەم دوو حیزبە ناوی برد و ڕوو بەوان وتی: ”ئەم قسانە ناتوانێ مەسەلەی کورد لە تورکییە چارەسەر بکات. ئەگەر خوازیاری ئاشتین بڕۆنە ئیمرالی و لەگەڵ ئۆجەلان وتووێژ بکەن”. ڕێبەریی “دیم پارتی” یش ڕایگەیاندووە، ئەگەر حکوومەت جیددی بێت لەم بارەیەوە، ئێمە هاوڕاین کە دیالۆگێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیە هەبێت. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی کۆماری گەلی تورکییە “جەهەپە” کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە و زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا بەدەستهێناوە، لێدوانی ئەردۆغان و باغچەلیی خستە ژێر پرسیارەوە و وتی: “پێویستە بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە تورکییە، ڕاستگۆیانە قسە بکرێت”.
کەوابوو ئاشکرایە کە وتەکانی ئەردۆغان و باغچەلی سەبارەت بە ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ پەکەکە لە تاکتیکێکی فریوکارانە زیاتر نییە و نیشانی دەدات کە دەوڵەتی ئەردۆغان کەوتووەتە دۆخێکی لاواز و قەیراناوییەوە. هەڵبەت لەم بارودۆخەی ئێستادا، وتووێژ و سازانی تورکیە لەگەڵ پەکەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ناوچەییش دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر سەداقەت و جیددییەتێک لە قسەکانیاندا بووایە، دەبوو بۆ فەراهەمکردنی زەمینەی گفتوگۆ نەتەنیا بەڕێوەبردنی ئەم کۆبوونەوەیان قەدەغە نەکردبایە، نەتەنیا دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسییان درێژە نەدابایە، بەڵکوو دەبوو هەموو بەندکراوانی سیاسی لەوانە سەلاحەدین دەمیرتاش و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بە بێ شەرت و مەرج لە زیندان ئازاد کردبایە و کۆتاییان بە بۆمباران و هێرشی درۆنی ئەرتەشی تورکییە بۆسەر کوردستانی سووریە و عێراق هێنابایە.
واقعییەت ئەوەیە کە دەوڵەتی ئەردۆغان لەگەڵ گەلێک قەیرانی ناوخۆیی و ناوچەیی بەرەوڕوو بووەتەوە. پەرەسەندنی گرانی و بێکاری و دابەزینی بەهای لیرەی تورکییە و هاتنەخواری بەرچاوی توانای کڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی تورکییە، نیشانەی پەرەسەندنی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییە قووڵانەیە کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم دەوڵەتە پێیانەوە گرفتارە. وتەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر تورکییە کە لە دوای ئەمریکا گەورەترین ئەرتەشی ناتۆی هەیە، وە هێنانەگۆڕی باسی گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکە کە هەتا ئێستا بە تیرۆریست پێناسەی کردووە و هێرشی وەحشیانەی نیزامیی کردووەتە سەر، هەر هەموویان پاساون بۆ داپۆشینی قەیران و بنبەستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی ئاک پارتی. سەرەڕای ئەوەش، تورکییە پەیوەندیی بازرگانی بەرینی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. شەڕی جەنایەتکارانەی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی غەززە و حیزبوڵڵای لۆبنان نەتەنیا هیچ مەترسییەکی لەسەر تورکییە دروست نەکردووە، بەڵکوو بەستێنی بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلی پەرەپێداوە بەتایبەت بەهۆکاری ئەوەیکە تورکییە سەرچاوەی دەوڵەمەندی دابینکردنی وزەی ئیسرائیلە. ڕۆژنامەی “زەمان”ی تورکییەش لەمبارەوە ئاشکرای کرد کە ناتەباییەکی گەورە لە نێوان سیاسەت و لێدوانی ئاشکرای ئەردۆغان سەبارەت بە ئیسرائیل و پشتیوانی لە حەماس دەبیندرێت. ”ئۆزگور ئۆزەل” ڕێبەری حیزبی “جەهەپە” لە کۆبوونەوەی غەیرە عەلەنیی پارلەمان سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و نیزامیی ناوچەکە، کە ئەردۆغان حازر نەبووە تێیدا بەشداری بکات، وێڕای ڕەتکردنەوەی قسەکانی ئەردۆغان سەبارەت مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر تورکییە، خەڵکی دڵنیا کردەوە کە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل لەگەڵ هیچ پێوەرێکدا ناگونجێت. ناوبراو وتی لە هەلومەرجێکدا کە گەورەترین کێشەی تورکییە هەژاری و بێکاری و بژێوی خەڵکە، ئەردۆغان دەیهەوێ لەم مەسەلەیە بۆ ئامانجی دیکە و بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێت. بێگومان سیاسەتی حیزبی داد و گەشەی ئەردۆغان و بەگشتی ڕەوتی ئیسلامی سیاسیی ئەخوانی گەیتشووەتە بنبەست و تەمەنی ئەم ڕژیمە فاشیست و جەنایەتکارەش هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هاتووە.