ڕۆژی یەکشەممە ٧ی مانگی ڕێبەندان چەند هەیئەتێک لەلایەن حکوومەتی تورکیەوە چوونە سووریە و عێراق و لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتی ئینتقالیی سووریە و دەوڵەتی عێراق گفتوگۆیان کرد. ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی ڕێکخراوی ئەمنیی تورکیە، بە سەرۆکایەتی هەیئەتێک گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکوومەتی ئینتقالی، ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوە و ئەنەس خەتاب سەرۆکی ڕێکخراوی ئەمنیی سووریە دیدار و وتووێژی کرد. هەڵبەت لە کاتی ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەدەوە هەتا ئێستا، ئیبڕاهیم کاڵن و باقیی کاربەدەستانی ئەمنیی تورکیە چەندین جار بۆ دیمەشق سەفەریان کردووە. هەتا ئێستا نە ئاژانسی هەواڵی سووریە و نە ئاژانسی هەواڵی تورکیە هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئامانجەکانی ئەم سەفەرە و ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی ئەو کۆبوونەوانە نەداوە. بەڵام بێگومان ئامانجی ئەو سەفەرە و ناوەڕۆکی وتووێژەکانی سەرۆکی ڕێکخراوی میتی تورکیە دەبێ بابەتی نیزامی و ئەمنی بێت. بەتایبەت سیاسەتە فاشیستییەکانی دەوڵەتی تورکیە لە درێژەدانی هێرشە نیزامییەکانی بۆسەر خەڵکی کوردستانی سووریە یەکێک بووە لە بابەتە سەرەکی و گرینگەکانی ئەو گفتوگۆیانە. هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی کاڵن بۆ دیمەشق، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیەش سەرۆکایەتی شاندێکی کرد بۆ بەغدا و لەگەڵ لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمار، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق وتووێژی کرد. بەپێی ڕاپۆرتی دیوانی سەرۆک کۆماریی عێراق لەم دیدارەدا باس و گفتوگۆ لەسەر پەیوەندیی دوو لایەنە و بەهێزکردنی کراوە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لەتیف ڕەشید هەرجۆرە دەستتێوەردانێکی دەرەکیی لە کاروباری عێراق ڕەت کردووەتەوە و تەئکیدی کردووە کە پێویستە ئاسایش و سەروەری و سەربەخۆیی نیشتمانیی عێراق لەلایەن دراوسێکانەوە ڕێزی لێبگیرێت. هەروەها جەختی لەسەر پابەندبوونی هەردوو وڵات کردەوە بەوەی کە نابێت هیچ وڵاتێک هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی ئەوی تر بکات و لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەسەر ئاستی ناوچەکە هاوکاری بکەن.
بەڵام هاکان فیدان لەم دیدارەدا داوای ئەوەی کردووە کە هاوپەیمانییەک لە نێوان دەوڵەتانی تورکیە، عێراق، سووریە و ئۆردۆندا پێکبێت. ناوبراو ئامانجی ئەم هاوپەیمانییەی “کردەوەی هاوبەش لەدژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان” ڕاگەیاندووە. بێگومان مەبەستی حکوومەتی ئیسلامیی ئەردۆغان لە پێکهێنانی هاوپەیمانی و هاوکاری لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش نییە. چونکە لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا تورکیە ناوەندێک بووە بۆ پشتیوانی لە گرووپە ئیسلامییەکانی وەک ئەلقاعدە، داعش، بەرەی نوسرە و پێکهێنانی گرووپە بەکرێگیراوەکانی نزیک لە خۆی لە سووریە. ئامانجی حکوومەتی تورکیە لە پێکهێنانی وەها هاوپەیمانییەک کە حازر بووە لەپێناویدا ئیمتیازی ئابووریی زۆر بەم دەوڵەتانە بدات، هاوکاریی نیزامی و ئەمنی لە نێوان ئەم دەوڵەتانە دژبە “پەکەکە” و دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژئاوایە. دەوڵەتی تورکیە دژی هەرجۆرە مافێکی دەسەڵاتداریەتیی خەڵکی کوردستانە لە سووریە و لە وڵاتانی دەورووبەری. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەردۆغان گەلێک جار دانی بەوە داناوە و دژبە خەڵکی کوردستان لە تورکیە، سووریە و عێراق هێرشی نیزامی و پیلانگێریی جەنایەتکارانەی ئەنجامداوە.
سەفەری ئەم دواییە و هاوکاتی ئیبڕاهیم کاڵن و هاکان فیدان بۆ سووریە و عێراق لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە دەوڵەتی تورکیە لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بگات. هێرشی هێزە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی تورکیە لەژێرناوی “ئەرتەشی میللیی سووریە” بە پشتیوانیی ئاسمانی و تۆپەخانەیی ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە کە تەلەفات و خەسارەتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان لێکەوتووەتەوە، بەئامانجی داگیرکردنی زیاتری ناوچەکانی کوردستانی سووریە و لەناوبردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر و دیموکراتیکی ڕۆژئاوا بەڕێوەچووە. هەڵبەت هێرشەکانی ئەم دواییە کە بە ئامانجی داگیرکردنی “بەنداوی تشرین” و “قەرەقۆزاق” و ناوچەکانی دەوروبەر و شاری خۆڕاگری کۆبانی ئەنجام دراون، هەتا ئێستا نەتەنیا سەرکەوتوو نەبوون بەڵکوو زەربەی قورسیش لە هێزە بەکرێگیراوەکانی “ئەرتەشی میللی” دراوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی هێزەکانی سووریەی دیموکرات “هەسەدە” لەماوەی هێرشی نیزامیی تورکیەوە هەتا ئێستا سەدان کەس لە بەکرێگیراوانی بەناو “ئەرتەشی میللیی سووریە” کوژراون و دەیان درۆن، تانک، ئۆتۆمبێل و زۆر کەرەستەی نیزامی دیکە تێکشکێندراون.
دەوڵەتی تورکیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە فاشیستییە و بۆ داگیرکردنی کۆبانی و باقیی ناوچەکانی کوردستانی سووریە بەرەوڕووی خۆڕاگری و خەباتی جەماوەری بووەتەوە. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژنان و پیاوانی تێکۆشەری ئەم ناوچەیە سەرەڕای بۆردومانەکانی تورکیە، بە کۆبوونەوەی خۆیان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ئامادەیی خۆیان بۆ چەکداربوون و شەڕ لەگەڵ بەکرێگیراوانی حکوومەتی تورکیە نیشانداوە. ئەوان لە کۆبوونەوەی دەیان هەزار کەسیی خۆیاندا بەبۆنەی ساڵڕۆژی ئازادکردنی کۆبانی، هۆشداریان دا هەروەک چۆن داعشیان تەمبێ کرد، داگیرکەرانی تورکیەش تەمبێ دەکەن.
هێرشی نیزامیی ئەم دواییەی تورکیە بۆسەر ڕۆژئاوا و سەفەری کاربەدەستانی ئەمنیی دەوڵەتی تورکیە بە ئامانجی پەرەپێدانی شەڕ و داگیرکاری، لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە دەمێکە باسی فریوکارانەی پڕۆسەی ئاشتی لە پارلەمانی تورکیەدا لەلایەن دەوڵەتی باخچەلیی هاوپەیمانی ئەردۆغان لە ئارادایە. سەبارەت بە ئامانج و هەڵوێستی شۆڤنیستیی تورکیە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی مانگی ڕێبەندان محەممەد ئوچوم ڕاوێژکاری باڵای ئەردۆغان لە لێدوانێکدا لەژێرناوی “دەوڵەت و کورد” نووسیی: “لە تورکیەی سەردەمی ئەردۆغاندا کێشەیەک لەژێرناوی کورددا نەماوە و بەرەبەرە بووەتە پرس. کوردەکان لە تورکیە نابێ جیا لە ئازادیی زمانی کوردی خواستێکی دیکەیان هەبێت. بو کوردەکانیش هەبوونی تابعییەتی تورکیە شانازییە”. ئوچوم لە درێژەدا ئیدیعای کرد کە: “مەسەلەی کوردەکان پڕۆژەیەکی ئیمپریالیستییە کە بە ئامانجی دابەشکردنی تورکیە بەپێی نەتەوە و زمان، گەڵاڵە دەکرێت”. ناوبراو داهێنانی باخچەلی و ئەردۆغانی بە هەنگاوێک بەرەو وەدیهێنانی ئامانجی “تورکیەی بێ تیرۆر” پێناسە کرد.
نووسراوەکەی ئوچوم لە هەمان کاتدا کە تێڕوانینی شۆڤنیستیی دەوڵەتی ئەرۆغان لە تورکیە نیشان دەدات، سرووشتی فریوکارانە و درۆزنانەی ئاشتییەکەشیان ئاشکرا دەکات. ئەوەیکە تورکیە سەبارەت بە مەسەلەی کوردستان دەیهەوێ بیکات نەک پێکهێنانی ئاشتی بەڵکوو سڕینەوەی مەسەلەکەیە لەڕێگەی چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی “پەکەکە” لەلایەن ئۆجەلان و ڕێبەریی “پەکەکە”وە. گەڵاڵەی پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ عێراق، سووریە و ئۆردۆن لەلایەن دەوڵەتی تورکیەشەوە هەنگاوێک لەپێناوی داگیرکاریی زیاتر لەڕێگەی هێرشی نیزامی و درێژەی سیاسەتی فاشیستی دژبە خەڵکی کوردستان لە تورکیە و سووریەیە. دەوڵەتی تورکیە دەیهەوێ لە دەرفەتی ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی گرووپی ئیسلامیی تەحریری شام و بە چرای سەوزی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا، سیاسەتە فاشیستییەکانی خۆی بەڕێوەبەرێت.