
دوو ڕۆژ دوای هەڵگیرسانی شەڕی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی و کوژرانی عەلی خامنەیی، حیزبوڵڵای لوبنان کە هاوپەیمانی ستراتیژیی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە، بۆ پشتیوانی لەم دەسەڵاتە تێکەڵ بەم شەڕە جینایەتکارانەیە بوو. ئەم گرووپە بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل، بیانووی دایە دەست دەوڵەتە قڕکەرەکەی نەتانیاهۆ تا سەرلەنوێ شەڕ و کوشتار لە لوبنان دەست پێ بکاتەوە و کۆتایی بەو ئاگربەستە بهێنێت کە لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ـەوە خرابووە بواری جێبەجێکردنەوە. حیزبوڵڵای لوبنان کە لە شەڕی پێشوودا ڕێبەرەکەی (حەسەن نەسروڵڵا) و چەندین ئاست لە سەرکردایەتی و فەرماندەکانی لەدەست دابوو و بەتوندی لاواز ببوو، لەم ماوەیەدا بە هاوکاریی سوپای پاسداران تواناییە سەربازییەکانی خۆی نۆژەن کردووەتەوە و بە فەرمانی سوپای پاسداران و لەژێر ناوی “تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی خامنەیی”، بە مووشەکبارانی بەردەوام سەرلەنوێ چووەتە نێو شەڕێکی گشتگیری دیکەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا.
لە کاتێکدا هێشتا وێرانکارییەکانی شەڕی پێشوو لە لوبنان وەک خۆیان ماونەتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باشووری لوبنان و ناوچەی زاحیەی بەیرووت بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر وێران و خاپوور کراون. دەوڵەتە نەسلکوژەکەی ئیسرائیل، باجی هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵاش لە خەڵکی باشووری لوبنان دەستێنێتەوە و هاوشێوەی غەززە، هەر جارە و هۆشداری دەداتە خەڵکی بەشێک لەو ناوچانە کە ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی ئیسرائیل خاپووریان بکات. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ئاکامی بۆردومانە دڕندانەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلدا، تا ئێستا زیاتر لە ١١٠٠ کەس کوژراون، ژمارەیەکی زیاتریش بریندار بوون و یەک ملیۆن کەس لە جەماوەری لوبنان سەرلەنوێ ئاوارە و دەربەدەر بوون.
لەگەڵ بەردەوامیی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری لوبنان و نۆژەنکردنەوەی حیزبوڵڵا، بەرەنگاری و دژایەتیی ئەم حیزبە بەرامبەر بە دەوڵەتی نوێی لوبنان پەرەی سەندووە. لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا، حیزبوڵڵا کە بەتوندی لاواز ببوو، ناچار کرا مەرجەکانی دەوڵەتی لوبنان بۆ چەکدانان و چوونەدەری سوپای پاسداران قبووڵ بکات. سەرەڕای ئەمەش، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سوپای قودس بەنهێنی لە لوبناندا مانەوە. پاش ئاشکرابوونی بوونیان لە لوبنان لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا و مۆڵەتە ٤٨ کاتژمێرییەکەی ئیسرائیل بۆ دەرچوونیان لەو وڵاتە، نزیکەی ١٨٠ کەس لە هێزەکانی سوپای قودسی پاسداران توانییان بە هاوکاریی ڕووسیا خاکی لوبنان بەجێبهێڵن.
لە درێژەی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی ڕژێمەوە، دەوڵەتی لوبنان ڕۆژی سێشەممە (٤ی خاکەلێوە)، محەممەد ڕەزا شەیبانی، باڵیۆزی ڕژێمی ئیسلامیی لە لوبنان وەک “عونسورێکی نەخوازراو” ڕاگەیاند و دەرفەتی پێ دا تا لە ماوەی پێنج ڕۆژدا خاکی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت، هەروەها باڵیۆزی خۆیشی لە ئێران بانگێشت کردەوە. ئەم بڕیارەی دەوڵەتی لوبنان، ڕووبەڕووی دژایەتیی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی شیعیی “ئەمەل” بووەوە. حیزبوڵڵا ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی وەک “گوناە” مەحکووم کرد و لایەنگرانی ئەم حیزبە بە کۆبوونەوە لە بەردەم باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە بەیرووت، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەو بڕیارەی دەوڵەتی لوبنان دەربڕی و بە دروشمدان، داوای دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکایان لە لوبنان کرد.
لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی داوای لە “نەبیە بەری” سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان کرد تا هەوڵ بدات دەوڵەتەکەی نەواف سەلام لە بڕیاری دەرکردنی شەیبانی پەشیمان بکاتەوە. ڕۆژی پێنجشەممە (٦ی خاکەلێوە)، هەردوو وەزیرەکەی حیزبوڵڵا و هەردوو وەزیرەکەی بزووتنەوەی ئەمەل لە کابینەی حکوومەتدا، کۆبوونەوەی دەوڵەتیان بایکۆت کرد و ئامادە نەبوون تێیدا بەشداری بکەن. سەرەڕای ئەمەش، دەوڵەتی لوبنان ڕایگەیاند کە دەستێوەردانی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەی لوبنان -کە خۆی گیرۆدەی قەیرانێکی قووڵ و درێژخایەنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە- سەرلەنوێ پەلکێشی نێو شەڕ بکرێت و بکەوێتە بەر بۆردومان و داگیرکارییەکانی ئیسرائیل. بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلحەدەس، کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا لە هەوڵی ئەوەدان تا دەوڵەتەکەی نەواف سەلامی سەرۆک وەزیران بڕووخێنن و سەرلەنوێ دەوڵەتێکی وابەستە بە خۆیان بهێننە سەر کار.
ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدا دەگیرێنە بەر، کە بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، کۆماری ئیسلامی لە یەک ساڵی ڕابردوودا کەلێنە ئەمنییەکانی نێو ڕیزەکانی حیزبوڵڵای پڕ کردووەتەوە و هێزەکانی مەشق پێ کردووە و پڕچەکی کردوون. نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئەندامانی سوپای پاسداران فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا لەم شەڕەی ئێستای دژی ئیسرائیل لە لوبنان دەکەن. لە ماوەی ئەم مانگەدا، حیزبوڵڵای لوبنان سەدان مووشەک و درۆنی بەرەو ئیسرائیل تەقاندووە و لوبنانی کردووەتە گۆڕەپانی شەڕێکی بەوەکالەت. ئەم کارەش، دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیلی خستووەتە خۆ تا لەژێر پاساوی “پاراستنی ئاسایشی خۆی”، جارێکی دیکە باشووری لوبنان داگیر بکات.
لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە (٥ی خاکەلێوە)، نەتانیاهۆی نەسلکوژ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند: “ئێمە ناوچەیەکی ئەمنییەتیمان دروست کردووە کە ڕێگری لە هەر جۆرە دزەکردنێک لە سنوورەکانی باکوورەوە دەکات و ئەم ناوچەیەش فراوانتر دەکەین”. دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیش، درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا دەدات. بەم جۆرە، جەماوەری ئاوارەی باشووری لوبنان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامی خوازیاری ئەوە بووە کە هەر جۆرە ئاگربەست و ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکادا، دەبێت حیزبوڵڵای لوبنانیش بگرێتەوە. ئەم داواکارییەی ڕژێمی ئیسلامی لە کاتێکدایە کە خۆی بەهۆی قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی لە ئاکامی ئەم شەڕەدا بەتوندی لاواز بووە و کۆتاییهێنان بە تەواوی چالاکییە بەوەکالەتەکانی ڕژێم -لەوانەش چەککردنی حیزبوڵڵای لوبنان- یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.
بەم جۆرە، کۆماری ئیسلامی کە یەکجار لاواز بووە، دەیەوێت بە کەڵکوەرگرتن لە گرووپی کۆنەپەرست و تیرۆریستیی حیزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی ناسراو بە “مێحوەری موقاوەمەت”، لەسەر حیساب و بە قیمەتی کوشتار و کاولکاری و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە خەڵکی لوبنان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، دەتوانێت نەک تەنیا کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی ئێران، بەڵکوو خەڵکی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش لە شەڕ و سیاسەتی شەڕەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکات؛ هەروەها لە بەرامبەر نەزمی ناوچەییی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئاسۆیەکی ڕوون لە بەردەم کرێکاران و جەماوەری چەوساوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکاتەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە