فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

راپۆرتی پلۆنۆمی یازدەهەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – بەشی دووهەم
دوشەممە ۱۹-۰۷-۱۴۰۰   |  11-10-2021

پلۆنۆمی یازدەهەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوازدە، رۆژی شەممە 27ی مانگی خەرمانان بەرابەر لە گەڵ 18ی مانگی سێپتامبر بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی حیزب، لێکدانەوەی گرینگترین رەوەندەکانی ئێستای دنیا، ناوچەکە و ئێران سەرەکیترین تەوەرەکانی راپۆرتی سیاسی کومیتەی ئیجرایی حیزب و باسەکانی کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی حیزبی بە خۆیەوە تەرخان کردبوو.

لە بەشێک لە راپۆرتی سیاسی و باسەکانی پلۆنۆم دا بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر باروودۆخی ئەفغانستان و دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، لە سەر ئەم راستییە جەخت کراوە کە خێرایی رووخانی پێکهاتەی سیاسی و ئابوورییەک کە ئەمریکا، بریتانیا و ئاڵمان لە ماوەی دو دەیە لە ئەفغانستان یەکیان خستبوو، لایەنەکانی شکەستی ئەمریکا و بە گشتی رۆژاوای زەقتر کردەوە و جارێکی دیکە ئەم باوەرەی بە هێز کردەوە کە ئیتر ئەو دەورانە کە ئەمریکا تەنیا زلهێزی دنیایە لەمێژە بە کۆتایی گەیشتووە. پێگەی ئێستای ئەمریکا تا رادەیەکی زۆر هاوشێوەی پێگەی بریتانیا لە بەرامبەر توانایی ئابووری روو لە گەشەی ئاڵمان و ئەمریکا لە سەرەتای سەدەی بیستەمە. دەبێ هاوکات بە هەرەسهێنانی ئابووری ئەمریکا شکەستی لە “شەڕ دژی ترۆریسمیش” لە عێڕاق و ئەفغانستان زیاد بکرێ. هێرش بۆ سەر ئەفغانستان و عێڕاق هەوڵێک بوو بۆ کەڵک وەرگرتن لە هێزی نیزامی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی بێ رکابەری لە ناوچەی ژێئۆپۆلۆتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەرچاوەی بە پیتی وزە کە لە گەڵ شکەستیش رووبەڕوو بووە. شکەست و دەرچوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان وەک شکەستی شۆڕەوی لە دەیەی 1980، کاردانەوەی جیهانی زۆر زیاتر لەو وڵاتەی هەیە کە شەڕ و داگیراکری لەوێ دا ئەنجامی گرتووە. دژواری باروودۆخی ئەفغانستان و ئەو وڵاتانەی ئەمریکا دەستێوەردانی نیزامی تێیان دابووە، نیشاندەری قۆناغیکی نوێیە لە حەیاتی ئیمپریالیسم کە لەوێدا هەرجۆرە خۆنیشاندانێک بۆ گەشەپێدان و بووژاندنەوە بە تەواوی وەلانراوە. ئەفغانستان، عێڕاق، سورییە، لیبی و یەمەن هێماکانی دەستێوەردان و دسدرێژییەکانی هاوچەرخی ئەمریکاو دەوڵەتە رۆژاواییەکانی دیکە بۆ دەستەبەر کردنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆلی ئیمپریالیسم بە مەبەستی بە دەستهێنانی ئامانجی کورت ماوەن، کە جگە لە کوشتار و وێرانی شتێکی دیکەی بە ئەرمەغان نەهێناوە.

تەجرەبەی دەستێوەردانی نیزامی و داگیر کردنی ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکاوە جارێکی دیکە ئەم راستییەی سەلماندەوە کە داگیرکاری و دەستێوەردانی نیزامی و سیاسی ئەمریکا لە هێچ گۆشەیەکی ئەم دنیایە، نە تەنیا ئارامی و سەقامگیری و دێمۆکراسی لە گەڵ خۆی نەهێناوە، نە تەنیا لەناوچوونی ترۆریسمی بە دواوە نەبووە، بەڵکوو ناکۆکییەکان و رووبەڕوو بوونەوە ناوخۆییەکان و ناوچەییەکانی گرژتر کردووەتەوە و بەستێنە عەینییەکانی گەشەی رەوتە ترۆریستییەکانی خۆشتر و بەهێزتر کردووە. کێ دەتوانێ نکۆڵی لە رۆڵی دەوڵەتی پاکستان و دەزگا ئیتڵاعاتییەکانی، لە راهێنان و رێنمایی کردنی تاڵەبان و گرژ کردنەوەی ململانێ نێوخۆییەکانی ئەفغانستان پکات. داگیرکاری ئەمریکا لە ئەفغانستان و پێکهاتنی بزووتنەوەیەکی دواکەوتوانە لە دژی ئەم داگیرکارییە، بوو بە بەستێنی گەشەی رەوتە ترۆریستییە ئیسلامییەکان و دەستێوەردانی دەوڵەتە دواکەوتووەکانی ناوچەکەی لە گەڵ خۆی هێنا. بە پێچەوانەی بانگەشەی بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکا هێرش بۆ سەر ئەفغانستان بە بیانووی 11ی سێپتامبر و شەڕ لە گەڵ ترۆریسم لە راستیدا ریشەی لە هەرەسهێنانی ئابووری ئەمریکا دا بوو. ئەمریکا کە بە هۆی هەرەسهێنانی توانایی ئابوورییەوە نەیتوانیبوو رابەڕایەتی خۆی پاش شەری سارد بە سەر جیهان دا بپارێزێ، هەوڵی دا بە پشت بەستن بە فەرمانڕەوایی نیزامی هێژمۆنی خۆی بە سەر زلهێزە سەرمایەدارییەکانی دیکە دا بسەپێنێ. بەڵام ئەم هەوڵەی ئەمریکا بۆ دابین کردنی هێژمۆنی بە پشت بەستن بە هێزی نیزامی شکەستی خوارد، هەڵاتن و شکانی هێزە ئەمریکاییەکان لە ئەفغانستان دوایین پەردە لە شکەستی ئەم ئیستراتژییە بوو.

تەجرەبەی ئەفغانستان بۆ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ئێران ئەو دەرسەی هەیە کە هەر جۆرە ئاڵووگۆڕێک لە پێناو ئازادی و رفاه دا تەنیا دەتوانێ لە ئاکامی پێشڕەوی هێزی بزوێنەری گۆڕانکاری شۆڕشگێرانە لەو کۆمەڵگایە دا بێ. تەجرەبەی ئەفغانستان نیشانی دا کە بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لە ئێران کە بۆ خزان بۆ نێو دەسەڵات دڵییان بە دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان خۆش کردبوو، دەستێوەردانی نیزامی هێزە دەرەکییەکان نە تەنیا ناتوانێ لە راستای بەرژەوەندییەکانی خەڵک دا بێ، بەڵکوو خەباتی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵک لە دژی رژیمە دیکتاتۆرییەکان بۆ گەیشتن بە ئازادی و رفاه بەلاڕێدا دەبا. بێگومان خەڵکی ئازار چێشتووی ئەفغانستان و لە پێشەوەی ئەوان ژنان کە لە ماوەی چەند دەیەیی رابردوو دا خەباتییان کەوتووەتە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی دواکەتوانەی ئیسلامی سیاسی دژی داگیرکاری هێزە ئیمپریالیستییەکان، ئەم قۆناغە تێدەپەڕینن. بەو پێیە داگیرکاری ئەمریکا لە ئەفغانستان هەرچەند تاڵەبانی جێگرەوەی خۆی کرد، بەڵام بە ڕەچاو کردنێکی مێژووی دەکرێ پێشکەوتن لە قەڵەم بدرێ. ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئەفغانستان کە لە ساڵەکانی دوایی دا شەقام و مەیدانی شارەکانی ئەفغانستانیان کردبووە گۆڕەپانی خەبات لە دژی هەر دوو جەمسەری کۆنەپەرەستی دەسەڵاتدار، بە هاوپشتی و هاوخەباتی بەشەرییەتی پێشکەوتن خوازی جیهان، سەرەنجام حکوومەتی تاڵەبان تێکدەشکێنن.